لە ئەنقەرە ژنێک بە چەقۆ خەسووی دەکوژێت؛ 'هەوڵی کوشتنی هاوژینەکەشی داوە'

رووداو دیجیتاڵ 

لە ناوچەی بەسری سەر بە قەزای پۆڵاتڵی ئەنقەرە ژنێک بە ناوی مێرڤێ دۆغان بە چەقۆ خەسووی دەکوژێت، بەپێی زانیارییەکانی رووداو ژنەکە "نەخۆشی دەروونی" هەبووە، پێشووتریش هەوڵی کوشتنی هاوژینەکەی داوە، دراوسێکانی ئەو خێزانە دەڵێن، مێرڤی بە چەقۆ لە گەرووی خەسووی داوە. 
 
بکوژەکە تەمەنی 28 ساڵە، خەسووی ناوی کیزبان دۆغان بووە. ئیسماعیل دراوسێی ئەو خێزانەیە، خۆی و داپیرەی یەکەم کەس بوون چوونەتە سەر رووداوەکە و دەڵێت، "جلەکانم لەبەر دەکرد و گوێم لە دەنگێک بوو و چوومە خوارەوە، مێرڤێ لەبەردەم دەرگاکەدا وەستابوو، وتی وەرە ژوورەوە وەرە ژوورەوە، خوێنم بینی بەسەر خەسوویدا، لە ژێر بەتانیەکەدا بوو، بەتانیەکەم بەرزکردەوە و چەقۆی لێدرابوو."
 
بە گوتەی دراوسێکانی مێرڤێ دۆغان، ماوەیەکی زۆرە کێشەی دەروونی هەبووە، چەند جارێک هەوڵی کوشتنی هاوژینەکەشی داوە، ئەوکاتیش لە ماڵەکەی خۆی رۆشتووە و لە ناوەندێکی فەرمیی پاراستنی ژنان ماوەتەوە. 
  
سێڵدا گۆک، دراوسێ و خاوەنی خانووەکەی مێرڤێ بووە، لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت، "ئەوان دراوسێ و کرێچی ئێمەن. ژنە کوژراوەکە زۆر بێدەنگ و باش بوو، بووکەکەی نەخۆش بوو، نەخۆشی دەروونی بوو، مێردەکەی کەسێکی باش بوو، بووکەکە خۆی کەسێکی خراپ نەبوو، بەڵام بارودۆخی خراپ بوو، خۆشبەختانە لەکاتی رووداوەکەدا منداڵەکانی لە ماڵەوە نەبوون."
 
بەشێک لە ئاژانسەکانی تورکیا باس لەوە دەکەن، مێرڤێ دۆغان بە چەقۆ خەسووی کوشتووە، مێرڤێ دایکی دوو منداڵە پاش رووداوەکە خۆی رادەستی هێزەکانی ئاسایش کردووە.
 
موعەزیز دێرین، دراوسێیەکی دیکەی ئەو خێزانەیە، باس لەوە دەکات کە "من لە دەرەوە بووم بینیم ئەمبوڵانسێک بەم ڕێگایە دێت، دواتر بیستمان بووکەکە بە چەقۆ خەسووی خۆی کوشتووە."
 
ئەحمەد دۆغان، هاوژینی مێرڤێ خەڵکی گوندی بەیلیک کۆپر، سەر بە پۆڵاتلییە و لە کارگەیەکدا کاردەکات، ژنەکەی خەڵکی قەرسە بەڵام لە ئیزمیر لە دایک بووە