لە ئیستەنبووڵ چالاکییەکانی 'رۆژی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان' قەدەخە کران

25-11-2022
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا چالاکییەکانی "رۆژی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان" کە بڕیاربوو ئەمڕۆ هەینی بکرێن، قەدەخە کران. 
 
قایمقامیەتى بەیئۆغلوی ئیستەنبووڵ رۆژی پێنجشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2022 لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، سەرجەم ئەو چالاکییانەی بڕیارە رۆژی هەینی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ژنان لە گۆڕەپانی تاکسیم بکرێن، قەدەخە کراون.
 
قایمقامیەتەکە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "رۆژی هەینی 25ی تشرینی دووەمی 2022، لە کاژێر 00:01 بۆ 23:59ی هەمان رۆژ، بۆ پاراستنی یەکڕیزی و یەکپارچەیی وڵات و بە ئامانجی رێگریکردن لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادیەکان، لە گۆڕەپانی تونێلی تاکسیم، هیچ جۆرە چالاکییەکی وەک کۆبوونەوە، رێپێوان، بەیاننامەی رۆژنامەڤانی، ناڕەزایەتی لەسەر شەقام و گۆڕەپان و رێگاوبانەکان رێگەپێدراو نییە."
 
لە ساڵی 1999ـەوە رۆژی 25ی تشرینی دووەم لەلایەن ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک رۆژی کۆتاییهێنان بە تووندوتیژی دژی ژنان راگەیێندرا و ژنان لە زۆربەی وڵاتان لەم رۆژەدا هەنگاو دەگرنەبەر بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک بۆ تووندوتیژی بەرامبەریان رابکێشن. 
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، تاوەکو 15ی تشرینی دووەمی 2021 لە تورکیا و باکووری کوردستان 251 ژن کوژراون، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتی 'پلاتفۆرمی تاوانی دژ بە ژنان دەوەستێنین'، دوای ئەوەی تورکیا بە پاساوی تێکدانی شیرازەی خێزان و هاندانی هاوڕەگەزخوازی لە 22ی ئاداری 2021 لە پەیماننامەی ئیستەنبووڵ کشاوەتەوە، زیاتر لە 300 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە