سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانیی تورکیا: لەگەڵ پرۆسەی چارەسەرییداین


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانیی تورکیا دەڵێت، لەگەڵ پرۆسەیەکی چارەسەرییدایە کە بتوانێت دۆزی کورد چارەسەر بکات.

رۆژی هەینی، 25-10-2024، فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانیی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە پەرلەمانی تورکیا قسەی کرد و رووی دەمی کردە دەسەڵات و گوتی، ئەگەر لە بابەتی پرۆسەی چارەسەرییدا بەدوای لایەنی پەیوەندیداردا دەگەڕێن، پارتە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هۆزەکان و هاونیشتمانیان، نوێنەری گەلی کوردن.
 
فاتیح ئەربەکان گوتی، ''ئێمە وەکو پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی لەبارەی پرۆسەیەکی چارەسەری کە پەیوەندیدار بێت بە گەلی کوردەوە، دەڵێین 'بەڵێ' و پشتگیری لێدەکەین''.
 
رۆژی 01-10-2024 تەوقەکردنی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لەگەڵ بەرپرسانی دەم پارتی، رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایەوە بەرباس.
 
رۆژی سێشەممە 22-10-2024 باخچەلی لە گوتاری فراکسیۆنی مەهەپە لە پەرلەمان هەنگاوێک زیاتر بەو ئاراستەیە رۆیشت و رایگەیاند، "ئەگەر گۆشەگیری لەسەر رێبەری تیرۆریست هەڵگیرا، با بێت بۆ پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت، تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە."
 
کەمێک دوای ئەو گوتەیە، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، "دەبێت گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجەلان هەڵبگیرێت. با گۆشەگیری هەڵبگیرێت، با بەڕێز ئۆجەلان بێتە دەرەوە، قسە بکات و هەموومان پێکەوە بزانین باسی چی دەکات. پێویستە هەنگاوی دەستبەجێ بۆ ئەم مەبەستە بنرێت". 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش رۆژی سێشەممە 22-10-2024، لە کۆبوونەوەیەکی پارتەکەیدا پشتگیری خۆی بۆ گوتەکانی باخچەلی نیشاندا و گوتی، "دەمانەوێت هەمووان بزانن کە لە داهاتووی تورکیادا شوێنێک بۆ تیرۆر و تاریکیی تیرۆر نییە. هیوادارم ئەو پەنجەرەیەی کە دەرفەتێکی مێژووییە و لەلایەن هاوپەیمانیی جمهوورەوە کراوەتەوە، نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تاکەکەسی. دەمانەوێت دامەزراوە سیاسییەکان، پەرلەمان، کۆمەڵگەی مەدەنی، راگەیاندن، ئەکادیمییەکان و تەواوی خەڵک بەیەکەوە تورکیایەکی دوور لە تیرۆر و تووندوتیژی دابمەزرێنین."
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رۆژی چوارشەممە، 23-10-2024، رایگەیاند، ''ئەگەر کەسانێک ئەم جۆرە بانگەوازانە بکەن کە هەرگیز چاوەڕێمان نەدەکرد، ئەمە شتێک نییە رەتی بکەینەوە. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت هەنگاوی دروستە لە بەرژەوەندیی تورکیا. جەهەپە لەم بابەتەدا نابێتە ئاستەنگ''.