ئەردۆغان دەڵێت، تەقەکارەکانی ئەنقەرە لە سووریاوە هاتوونەتە نێو تورکیا

25-10-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، تەقەکارەکانی رۆژی 23ی ئەم مانگەی ئەنقەرە لە سووریاوە چوونەتە نێو وڵاتەکەی. ئاماژە بەوەش دەکات، لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دەرەوەی تورکیا بەردەوام دەبن.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتی گەڕانەوەی لە رووسیاوە بۆ تورکیا لەنێو فڕۆکەدا بۆ رۆژنامەڤانان قسەی کرد و وەڵامی پرسیارەکانیانی دایەوە.
 
سەبارەت بە هێرشەکەی دوو رۆژ لەمەوبەری ئەنقەرە، ئەردۆغان رایگەیاند، زانیویانە تەقەکارەکان لە سووریاوە هاتوونەتە نێو تورکیا.
 
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو "هێرشە"ی لە ئەنقەرە روویدا، هێرشە ئاسمانییەکانیان لە دەرەوەی سنووری تورکیا بەردەوام دەبن.
 
لە وەڵامی پرسیارێکی تایبەت بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەردۆغان رایگەیاند، "پەیەدە/یەپەگە" باڵی رۆژئاوای کوردستان و سووریای پەکەکەیە و "زۆر سوودمەندە لە ناسەقامگیری سووریا." ئاماژەی بەوەش کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "ماوەیەکە" پاڵپشتی هەسەدە دەکات، بەڵام کە "کاتی تەواو بوو، ناچارە وازی لێ بهێنێت. هەوڵی بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ پاراستنی بێهودەیە و بەردەوام نابێت."
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، "ئیدی راستییەکی زانراو هەیە کە ئەمریکا رێکخراوە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئاسایشی ئیسرائیل بەکاردەهێنێت."
 
رۆژی 23-10-2024 دوو کەس بە چەکەوە هێرشیان کردە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە و لە ئەنجامدا 5 کەس کوژران و 22 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
تورکیا ئەنجامدانی هێرشەکەی خستە ئەستۆی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و ئەمڕۆش ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە) رایگەیاند، هێرشەکەی ئەنقەرە لەلایەن تیمێکی "سەربەخۆ"ی هێزی نەمرانەوە کراوە و ناسنامەی ئەو دوو کەسەشی ئاشکرا کرد کە هێرشەکەیان کردووە.
 
شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزی ئاسمانیی تورکیا چەندین شوێنی لە باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکرد. 
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانەکە 12 کەس کوژراون و 25 کەسی دیکە بریندار بوون. یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)ش دەڵێت، 16 شوێن لە سنووری شنگال بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان کراون و لە ئەنجامدا 6 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

ئەردۆغان: تورکیایەکی بێ تیرۆر بونیاد دەنێین

ئەردۆغان بەبێ ئەوەی ناوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بێنێت، پاڵپشتی لە بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کرد کە سێشەممەی رابردوو لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان داوای کرد، ئۆجەلان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا قسە بکات.