ژنە چالاکڤانێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تورکیا دەستگیرکرا

 
رووداو دیجیتاڵ

ژنە چالاکڤانێکی سیاسی و مافەکانی مرۆڤی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی شیلان میرزایی، لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکرا.
 
ئەو چالاکڤانە کوردە رۆژی سێشەممە 24-10-2023 لە پارێزگای ئیزمیری تورکیا لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستگیرکراوە.
 
شیلان میرزایی، چالاکڤانی سیاسی و مافەکانی مرۆڤ لە ڤیدیۆیەکدا کە لە ستۆریی هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام بە زمانی فارسی بڵاوی کردووە، تێیدا باس لە دەستگیرکردنی خۆی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی تورکیاوە دەکات و دەڵێت، "پۆلیسی ئەمنیی تورکیا هاتن بۆ ماڵم و بێ هیچ روونکردنەوەیەک منیان دەستگیر کردووە و لە رێگەی ئەو ڤیدیۆیە دەمەوێت بە دەنگمەوە بێن."
 
لە ڤیدیۆکەدا، شیلان میرزایی هەروەها دەڵێت، "بە هەر هۆکارێک هەر شتێکم بەسەر بێت، بەرپرسیارێتیی تەواو دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی تورکیا و کۆماری ئیسلامیی ئێران. چالاکیم هەیە لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر شتێکم بەسەر هات، بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆی وەزارەتی کۆچبەرانی تورکیایە."
 
ئەو چالاکڤانە هەروەها داوا لە هەموو چالاکڤانانی بواری مافی مرۆڤ و چالاکڤانانی سیاسی دەکات کە بەهانایەوە بچن و چاودێریی دۆخەکەی بکەن.
 
شیلان میرزایی خەڵکی شاری سەقزی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و چەند ساڵێکە لە تورکیا دەژی.