KCK: زیادکردنی دەسەڵاتی پۆلیس لە تورکیا "راگەیاندنی شەڕە"

25-10-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن KCK
A+ A-

رووداو - ئیزمیر

 پاکێجێکی نوێی حکومەتی تورکیا داوا دەکات دەسەڵاتی پۆلیس لە مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەراندا زیاد بکرێت. پاکێجەکە بەلای کوردەوە، بەتایبەتی ئەوانەی چەکیان لەشانە وەکو "راگەیاندنی شەڕ" لە دژی کورد لێکدەدرێتەوە.

پارتی کرێکارانی کوردستان PKK داوای لە گەلی کورد کرد کە لە دژی ئەو پاکێجە دەنگ هەڵبڕن. ئەو داوایەی PKK دوای ئەوە دێت کە پرۆسەی ئاشتیی نێوان PKK و حکومەتی تورکیا زیاتر و زیاتر روو لە هەڵوەشاندنەوە دەکات و هەروەها دوای زنجیرەیەک خۆپیشاندانی خوێناوی دێت لە شارە کوردییەکان و شارە گەورەکانی دیکەی تورکیا.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، پەرلەمانتارانی پارتی دەسەڵاتداری تورکیا داواکارییەکیان بەناوی پاکێجی چاکسازی ئاسایشی نیشتیمانی پێشکەشی پەرلەمانی وڵاتەکەیان کرد کە تێیدا دەسەڵاتی زۆر دراوەتە هێزەکانی پۆلیس.

هەرچەندە هەڵوێستی ئەنکەرە دەربارەی وردەکاری نێو پاکێجەکە روون نییە، بەڵام میدیا نێوخۆییەکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر ئەو پاکێجە لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت، ئەوا دەسەڵاتی پۆلیس لە زۆر رووەوە زیاد دەکات هەر لە گوێگرتن و چاودێریکردنی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکانەوە بگرە تاوەکو دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک و رێگەگرتن لە پارێزەران بە بینینی کەیسی ئەوانەی بەرگرییان لێدەکەن. 
کۆما جڤاکێن کورد KCK  لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت "دەوڵەت و حکومەت دەبێت ئەوە بزانن کە ئەم یاسا نوێیە راگەیاندنی شەڕە لە دژی کورد و خەڵکی کوردستان. هێزە دیموکراسییەکان و بزووتنەوەی ئازادیخوازی پەنا بۆ راپەڕین دەبەن".

KCK  کە چەتری رێکخراوێکی سیاسییە و لەلایەن  PKKوە دروستکراوە، راگەیاندراوەکەی لە رێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز کە سەر بە PKKیە بڵاوکردەوە.

"ئەگەر دەوڵەتی تورک نایەوێت توندوتیژی بگەڕێنێتەوە، ئەوا پێویستە تێپەڕاندنی یاسای لەم شێوەیە رابگرێت و دەستبەجێ هەنگاو بەرەو چارەسەرکردنی کێشەی کورد بنێت".

بەهۆی دەستەوسانی تورکیا لەبەرامبەر رووداوەکانی شاری کۆبانێی کوردنشین لە سووریا کە لە ژێر گەمارۆی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دایە، لەماوەی رابردوودا خۆپێشاندانی توندوتیژ لە ناوچە کوردییەکاندا سەریان هەڵدا. لەو خۆپیشاندانانەدا زیاتر لە 30 کەس کوژران و ژمارەیەکی زۆریش بریندارکران.

 تورکیا لە نەوەتەکانەوە خۆپیشاندانی توندی لەم شێوەیەی بەخۆیەوە نەدیوە. هەندێک لە خۆپیشاندەرەکان بەهۆی پێکدادانی نێوان پشتیوانەکانی PKK و گرووپە ئیسلامیستەکانەوە کوژران کە هاوکاریی هێزەکانی پۆلیسیان دەکرد. 

دەسەڵاتدارانی تورکیا خۆپیشاندەرانیان مەحکوم کرد و "بە گێرەشوێن و شەڕخواز" ناوزەدیان کردن و بەوە تۆمەتباریان کردن کە کۆبانی وەکو بیانوویەک بەکاردێنن تا ئاژاوە بنێنەوە. دەسەڵاتدارانی تورکیا بەڵێنیان دا کە بە توندی خۆپیشاندانەکان کپ بکەنەوە. 

حکومەت بەرپەرچی ئەو رەخنانەی دایەوە کە دەڵێن هەنگاوە نوێیەکان (پاکێجە نوێیەکە) نا دیموکراتییە. حکومەت رایگەیاند کە پاکێجەکە بۆ پاراستنی مافی تاکە کەسی گەلی تورکیایە و هاوتەریبە لەگەڵ نەریتی وڵاتە ئەوروپیەکاندا. 

رۆژی چوارشەممەی رابردوو ئاژانسی هەواڵی ئانادۆڵ لە زاری سەرۆک وەزیران، ئەحمەد داودئۆغلو رایگەیاند کە "خۆپیشاندان مافە و بە هیچ شێوەیەک رێگری لێ ناکرێت. ئێمە هیچ یاسایەک تێناپەڕێنین رێگە لە ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بگرێت."

"بەڵام ئەگەر کەسێک توندوتیژی بەکاربهێنێت و ماف و ژیانی کەسێکی دیکە وێران بکات، ئەمە -ئاگربەردانە پاسی شارەوانی و ئامبولانس و فڕێدانی مۆلۆتۆڤ و داپۆشینی دەموچاو و هەوڵدان بۆ نانەوەی ئاژاوەش دەگرێتەوە- ئەم شتانە جێگەی قبوڵکردن نین" وەکو داود ئۆغلو رایگەیاند. 

چارەنووسی کۆبانی و سەرهەڵدانی ناکۆکی لە نێوان کورد و حکومەتی تورکیا، مەترسی ئەوەی دروستکردووە کە پرۆسەی ئاشتی دوو ساڵەی ئەو وڵاتە هەڵبوەشێتەوە و تورکیا دووبارە بگەڕێنێتەوە بۆ نێو بازنەی توندوتیژی. لەوەتەی کە سەرۆکی زیندانیکراوی  PKK، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە مانگی ئاداری 2013 ئاگربەستی وەکو بەشێک لە پرۆسەی ئاشتی راگەیاند، تورکیا ئارامی بەخۆیەوە بینیوە. 

هەفتەی رابردوو بارگرژییەکان زیاتربوون، دوای ئەوەی کە گوترا فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا هێرشی ئاسمانییان لە دژی PKK لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ئەنجام داوە. ئەمەش یەکەم هێرشی لەو شێوەیەیە لەوکاتەوە کە پرۆسەی ئاشتی دەستیپێکردووە. هێرشەکە دوای ئەوە هات کە گەریلاکان هێرشێکیان لە دژی بارەگایەکی سەربازی ئەنجام دا. PKK حکومەتی تورکیا بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات و لە راگەیاندراوێکدا گوتیان ئەوان لە هەڵگیرساندنەوەی ئەو شەڕەدا دەستپێشخەر نەبوون.

ئۆجەلان هۆشداری داوە کە ئەگەر رێگە بدرێت کۆبانی بکەوێتە دەستی چەکدارانی داعش، ئەوا پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کۆتایی دێت. ئۆجەلان تاوەکو 15ی ئەم مانگە مۆڵەتی بە حکومەت دابوو، بۆ ئەوەی هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو بنبەستەی پرۆسەی ئاشتی پێیگەیشتووە بنێت. قسەکانی ئۆجەلان کە لە رێگەی براکەیەوە بڵاوکرانەوە، باسی ئەوەی تێدا نەبوو کە ئەگەر داواکانی جێبەجێ نەکران، چی روودەدات.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە