تورکیا و یۆنان ئامادەیی بۆ دیالۆگ و نزیکبوونەوە نیشان دەدەن

26-09-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک
کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لەبارەی قوبرس دەخرێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
 
رۆژی دووشەممە سەرۆککۆماری قوبرس لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە. 
 
گۆتێرێز پلانی هەیە لەگەڵ بەرپرسانی قوبرسی تورکیاش کۆبێتەوە. لەمبارەیەوە سەرۆککۆماری قوبرس وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
 
نیکۆس کریستۆدولیدیس، سەرۆککۆماری قوبرس رایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە هەواڵی ئەرێنی لەسەر پەیوەندی نێوان تورکیا و یۆنان هەبێت. هەموو کەسێک دەزانێت کە بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی قوبرس، ناتوانرێت کێشەی نێوان تورکیا و یۆنان چارەسەر بکرێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە بەرەوپێشچوون لە پەیوەندییەکانی یۆنان و تورکیا هەبێت".
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە، لە گوتاری کۆبوونەوەی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بانگهێشتی وڵاتانی کرد بۆ ئەوەی دان بە قوبرسی باکووردا بنێن و رایگەیاند: "ئەو لایەنانەی لەپێناوی فەراهەمکردنی چارەسەرێکی دادپەروەرانە، هەمیشەیی و بەردەوام بۆ پرسی قوبرس ویستی راستگۆیانەیان خستووەتەڕوو، هەموو کات تورکەکانی قوبرس و تورکیا بوون. لەو دوورگەیەدا دوو دەوڵەتی جیا و دوو گەلی جیا هەن. دەبێت مافە بەدەستهاتووەکانی تورکەکانی قوبرس لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تۆمار بکرێتەوە".
 
هەر رۆژی سێشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان لە نیویۆرک کۆبوونەوە و لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوانیان و پرسی قوبرس گفتوگۆیان کرد.
 
لەدوای جیابوونەوەی یۆنان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە ساڵی 1832، هیچ کاتێک پەیوەندییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا جێگیر نەبووە و چوار جەنگ لە نێوانیاندا بەرپا بووە. 
 
ناکۆکییەکان لە ساڵی 1974 بە داگیرکردنی بەشێک لە قوبرس لەلایەن تورکیاوە قووڵتربوونەوە؛ تاوەکو ئێستا سنووری ئاویی ئیجە، خاڵێکی دیکەی ناکۆکیی نێوان هەردوو وڵاتەکەیە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە