لە 27 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا هەزار و 29 کۆچبەر دەستبەسەرکران

دوێنێ کاژێر 12:47
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە 6 پارێزگای باکووری کوردستان و 21 پارێزگای تورکیادا هەزار و 29 کۆچبەری نایاسایی و 84 قاچاخچیان دەستبەسەرکرد.
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی ئەیلوول لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی (کاڵکان-27) لە 27 پارێزگا دژی کۆچبەرانی نایاسایی و قاچاخچییەکان بەڕێوەچوو.
 
لەو ئۆپەراسیۆنەدا کە چوار رۆژ بەردەوام بوو، هەزار و 29 کۆچبەری نایاسایی و 84 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەران دەستبەسەرکران.
 
کۆچبەرە دەستبەسەرکراوەکان رادەستی ناوەندەکانی کۆچی پارێزگاکان کراون بۆ ئەوەی رەوانەی وڵاتەکانی خۆیان بکرێنەوە.
 
لە کۆی 84 قاچاخچی، 25 کەس بە فەرمانی دادگە خراونەتە زیندانەوە، 7 کەس بە مەرجی دادوەری ئازادکراون، 52 کەسیش دوای وەرگرتنی گوتە لێیان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس ئازاد کراون.
 
ئۆپەراسیۆنەکە لە پارێزگاکانی ئیزمیر، ئەدیرنە، کۆجائەلی، موغڵا، ئانتالیا، ئیستەنبووڵ، کرکڵارئەلی، کۆنیا، ئادانا، ئاماسیا، ئایدین، بیلەجیک، بایبورت، کارامان، عوسمانییە، ئەسکیشەهیر، قەیسەری، نیدە، ئۆردو، ساکاریا و سامسونی تورکیا و پارێزگاکانی بەدلیس، ئەرزینگان، وان، دیلۆک، جۆلەمێرگ و روهای باکووری کوردستان بەڕێوەچوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە