وەزیری نێوخۆی تورکیا لەبارەی 15 گەنجەکەی مێرسین: خۆزگە تەنیا شاییان دەکرد و گۆرانیی کوردییان دەگوت

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو هەولێر

عەلی یەرلیکایا، وەزیری نێوخۆی تورکیا لەبارەی ئەو 9 گەنجەی بەهۆی گوتنەوەی "بژی سەرۆک ئاپۆ" گیران رایگەیاند، خۆزگە تەنیا شاییان دەکرد و گۆرانیی کوردییان دەگوت.
 
لە وەڵامی پرسیارەکانی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا، وەزیری نێوخۆی تورکیا باسی لەو 9 گەنجە کرد کە لە پارێزگای مێرسین بەهۆی گوتنەوەی "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەستگیرکران و گوتی: "خۆزگە هەر تەنیا شاییان دەکرد و لەو کەشە ئازادەی حکومەتەکانی ئاکپارتیمان هێناویەتی، گۆرانیی کوردییان دەگوت، بەڵام ئەوەی بیستمان و ئەوەش کە تۆمارکراوە و لە تۆماری دادگەکاندا هەیە، بەمجۆرە نییە".
 
کاتێک ئەو گەنجانە بە پاس گواسترانەوە، گۆرانیی "دەمرم تورکیام" لە پاسەکە لێدرا. وەزیری نێوخۆی تورکیا لەمبارەیەوە دەڵێت ئەو گۆرانییە بۆ تووڕەکردنی ئەوان لێنەدراوە و گوتی: "هیچ نیگەرانی ئەوەش نیم کە ئەو گۆرانییە بەدڵی ئەوانە نییە کە دەڵێن (بژی پۆرتوگال) کە ئەوان ژمارەشیان کەمە لە نێوماندا".
 
وەزیری نێوخۆی تورکیا هەروەها گوتی: "ئەوەی ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین ئەوەیە؛ لەنێو سنووری وڵاتەکەمان و ئەودیو سنووریش بە هیچ جۆرێک ئەندامی رێکخراوی تیرۆرستیی جوداخوازمان ناوێت. قبووڵیش ناکەین بیری لەمجۆرە دروستبێت. هیچ هەڵسوکەوتێکی هاوشێوەی ئەوانیش قبووڵ ناکەین".
 
"سەرۆک ئاپۆ" ئاماژەیە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە. 
 
ئەو گەنجانە رۆژی یەکشەممە، 21-7-2024، لە کەناراوێکی مێرسینی تورکیا لەکاتی شایی و هەڵپەڕکێدا درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان گوتەوە، رۆژی دووشەممە دەستگیرکران.
 
گرتەی ڤیدیۆیی ئەو گەنجانە کە نزیکەی 15 کەس دەبن، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە خێرایی بڵاوبووەوە و ناڕەزایی بەشێک لە تورکەکانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام نۆ کەسیان دەستگیرکراون. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە