پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی لە پەرلەمانتارێکی دەم پارتی دەدات

رووداو دیجیتاڵ

لە دانیشتنی پەرلەمانی تورکیادا عادل کارائیسماعیلئۆغڵو، وەزیری پێشووی گواستنەوە و گەیاندنی تورکیا کە ئێستا پەرلەمانتاری بازنەی ترابزۆنی ئاکپارتییە، بە شەق و زللە بەربووە یانی عەلی بۆزان، پەرلەمانتاری دەم پارتی.
 
رووداوەکە لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمان روویدا. پەرلەمان لەوکاتەدا گفتوگۆی لەسەر باج و داهاتی کرێکاران و خانەنشینان کردووە.
 
بۆزان لە گوتارێکیدا کە لە پەرلەمان پێشکێشیکرد، گوتی: "بابەتی پێشنیازنامە باجە، کارنامەی پەرلەمان باجە. دوایین جار کە هاتمە سەر ئەم سەکۆیە، چەپڵەم بۆ فراکسیۆنی ئاکەپە لێدا بۆ ئەو کارەیان، بەڵام ئەمجارە  چەپڵەتان بۆ لێنادەم. چونکە ئەگەر روونی بکەینەوە یان رەتیشی بکەینەوە، ئێوە لێی تێناگەن. تەنانەت شەرمیش ناتانگرێت. ئێوە باج لە گیرفانی خانەنشینەکان دەدزن. بیهێنە بەرچاوت، تۆ خانەنشینێکیت و مووچەکەت وەردەگریت، کەسێک لە پشتتەوە مووچەکەت دەدزێت. لە دۆخێکی وادا چی دەکەیت، هاوار دەکەیت، دەڵێیت 'دز لێرەیە، دز لێرەیە'، دەچیتە لای پۆلیس و سکاڵا تۆمار دەکەیت. تۆ سکاڵا لەسەر ئەم دزە تۆمار دەکەیت."
 
عەلی بۆزان، کە پەرلەمانتاری بازنەی مێرسینی دەم پارتیە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "ئاکەپە مانگانە لەڕێی دەستەی ئامارەوە پارە لە گیرفانی کرێکار، فەرمانبەر و خانەنشینان دەدزێت. دەنگی کرێکار و فەرمانبەری دەوڵەت نابیسترێت. دەمەوێت لێرەوە هاوار بکەم بەناوی ئەو هاووڵاتییانەی مووچەکەی لە گیرفانییەوە دزراوە؛ دز لێرەیە، دز لێرەیە، دز لێرەیە. ئاکەپە دزی دەکات، ئاکەپە دزی دەکات." 
 
پەرلەمانتارانی ئاکپارتی بەرپەرچی بۆزانیان دایەوە و پێیانگوت "تۆ سەرەتا سەیری ئاوێنە بکە. بێ تەربیەت، بێ رەوشت." 
 
بۆزانیش بە تووندی وەڵامیدانەوە و گوتی "بێ تەربیەت و بێ رەوشت خۆتانن. ئەوەتا من دەڵێم ئێوە دزن. ئێوەش دەرکەون و بیسەلمێنن کە دز نین. بەڵام لاوازن و ناتوانن گوزارشت لە خۆتان بکەن. هەر بۆیە کە دەمتان دەکەنەوە، بۆنی پیس دێت".
 
عادل کارائیسماعیلئۆغڵو، وەزیری پێشووی گواستنەوە و گەیاندنی تورکیا کە ئێستا پەرلەمانتاری بازنەی ترابزۆنی ئاکپارتییە، هێرشی کردە سەر عەلی بۆزان و زللەی لێدا. دواتریش بە مشتەکۆڵە لە دەم و چاوی دا و شەقی تێهەڵدا.
 
گرژی لە نێو هۆڵی پەرلەماندا دروستبوو و زۆربەی پەرلەمانتاران شوێنەکانی خۆیانیان جێهێشت. بەشێکیان کاردانەوەی تووندیان نیشاندەدا و بەشێکیشیان هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکەیان دەدا.