دەولەت باخچەلی لە پەرلەمان تەندروستیی تێکچوو
رووداو دیجیتاڵ
دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لەکاتی پێشکێشکردنی گوتاری کۆبوونەوەی پارتەکەیدا تەندروستیی تێکچوو.
میدیای تورکیا بڵاویکردووەتەوە، دەولەت باخچەلی بەر لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی کە رۆژی سێشەممە 25-6-2024 لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو، کێشەی گوشاری خوێنی هەبووە.
باخچەلی کە پێشتر بە وەستانەوە گوتارەکەی پێشکێشدەکرد، ئەمجارە بە دانیشتنەوە گوتارەکەی پێشکێشکرد. لە گوتارەکەیدا نەیتوانی پرۆمتەر (شاشەی تێکستی گوتار) بەکاربهێنێت و گوتارەکەی لەسەر کاغەز خوێندەوە.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا تا رادەیەک بە زەحمەت توانی هەڵسێتە سەر پێ. بە هاوکاریی بەشێک لە یاوەرانی، باخچەلی برایە دەرەوە و پشێوی لە هۆڵی کۆبوونەوەی مەهەپە دروستبوو.
باخچەلی لە گوتارەکەیدا باسی لە چەند تەوەرێک کرد کە یەکێکیان ئێکسەکەی فەرهاد ئەنجو، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە بوو، گوتی: "بڵاوکردنەوەی (بژی پۆرتوگال) بێ ئابڕووییە. سووکایەتیی دڵی ئەوانی داگیرکردووە. ئەگەر ئەو خائینە مووچەی خانەنشینیی پەرلەمان وەردەگرێت، پێویستە لێی ببڕن و وڵاتینامەشی لێ بسەننەوە".
دەولەت باخچەلی
ساڵی 1948 لە پارێزگای عوسمانییە لەدایکبووە.
لە خانەوادەیەکی تورکمانە. بەشی بازرگانی و ئابووریی لە زانکۆی ئەنقەرە تەواوکردووە. لە کاتی زانکۆ پەیوەندی بە رێکخستنەکانی نەتەوەیی دەکات. لە شەش خولی پەرلەماندا پەرلەمانتار بووە، لە 57مین کابینەی حکومەتی تورکیادا وەزیری دەوڵەت و یاریدەدەری سەرۆکوەزیران بووە.
ساڵی 1997 بووەتە سەرۆکی مەهەپە، لە کۆنگرەکانی 2000،2003، 2006، 2009، 2012، 2015، 2018 و 2021 بە سەرۆکی مەهەپە هەڵبژێردراوەتەوە.