ئاوارەکانی باکووری کوردستان لە دهۆک نەیانتوانی دەنگبدەن

 رووداو - هەولێر

زیاتر لە هەشت هەزار و 500 پەنابەری باکووری کوردستان لە کەمپەکانی پارێزگای دهۆک بەهۆی ئەوەی ناویان لەلایەن دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا لە تۆماری دەنگدەران سڕاوەتەوە، رۆژی یەکشەممە نەیانتوانی بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا.

پەنابەرانی باکووری کوردستان ئەم هەڵبژاردنەش هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی 30 ساڵی رابردوو، ناچار بوون لە رێگەی میدیاکانەوە سەیری هەڵبژادنەکانی وڵاتەکەیان بکەن، بەشێک لە دانیشتووانی کەمپی گرێ گەورێ، داوا دەکەن براوەکانی هەڵبژاردن زەمینەی ئاشتی لە باکووری کوردستان بڕەخسێنن، بۆ ئەوەی بتوانن جارێکی دیکە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.