رووداو- هەولێر
دابەزینی كێرڤی دەنگەكانی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) لە هەڵبژاردنی 7ی حوزەیرانی رابردوودا، خوێندنەوەی چاودێران و سیاسەتمەدارانی لەبارەی ئەو پارتەوە گۆڕیوە. ئەوان پێیانوایە تەقینەوەی كێشەكانی ناو ئەو پارتە تەنیا مەسەلەی كاتە.
لەدوای دامەزراندنی لە 14ی ئابی 2001، سەركەوتنی لە 12 هەڵبژاردن و دوو راپرسی یەك لەدوای یەك، ئاكپارتی بۆ یەكەمجار كێرڤی دەنگەكانی لە دوایین هەڵبژاردندا بۆ 40.66% دابەزی.
ئەگەر بەرزبوونەوە و دابەزینی دەنگی هەر پارتێكی سیاسی لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا ئاسایی بێت، ئەوە بۆ AKP ئاسایی نییە، چونكە AKP لە دەسەڵاتی بەتەنیا راهاتووە. لەوانەیە هەڵگەڕانەوەی AKP لەناسنامەی خۆی سەرەكیترین هۆكاری ئەم پاشەكشەیە بێت.
لە فرە ناسنامەوە بۆ تاك ناسنامە
هەرچەندە AKP وەك پارتێكی سیاسی دەناسرێ، بەڵام ئەم پارتە لەناوخۆدا هاوپەیمانێتی بەرژەوەندییە جیاوازەكان بووە. بەبڕوای چاودێران و شرۆڤەكاران، دووركەوتنەوە یان وازهێنانی نوێنەری بەرژەوەندی و فیكرە جیاوازەكانی وەكو عەبدوڵڵا گیول، ئەرتوغرول گونای، میر دەنگیر محەممەد فورات، عەلی جۆشكون و پڕۆفیسۆر محەممەد ئایدن، بە واتای گۆڕینی ناسنامەی فرە رەنگی AKP بۆ یەك رەنگی دێت و ئەوەش هۆكاری سەرەكییە لە گەیاندنی بەو رۆژە.
محەممەد كایا، سەرۆكی سەنتەری دیجلە بۆ توێژینەوەی كۆمەڵایەتی لەوبارەیەوە بە (رووداو)ی گوت "ئیسلامییەكان، چەپ، لیبراڵ، نەتەوەپەرست و عەلەوی لەناو AKP بۆ ماوەیەكی درێژ دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیان بەدەستەوە گرت، بەڵام لەم سێ ساڵەی دواییدا لەناو ئۆرگانەكانی AKP فەرامۆشكردنی ئەوانی دیكە باڵادەست بوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەتایبەتی كورد، چەپ و لیبراڵەكان لە AKP دووربكەونەوە".
هەر لەوبارەیەوە وەهاب جۆشكون مامۆستای زانكۆ و نووسەر بە (رووداو)ی گوت "AKP لەسەرەتای دامەزراندنیدا پارتێكی فرە مینبەر بوو، نوێنەرایەتی زۆرینەی كۆمەڵگای دەكرد، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ئەو پارتە ناسنامەیەكی دیكەی تایبەت بەخۆی دروستكرد".
پێكهێنانی حكومەت
لە ئەزموونی حوكمڕانی 13 ساڵەی AKPدا هیچ هاوپەیمانێتیەك یان شەراكەتێكی سیاسی نەبووە. چونكە رێژەی دەنگەكانی پێویستی بە تاقیكردنەوەی ئەو شێوازە حوكمڕانییە نەبووە. بۆیە پێدەچێت AKP لە مەسەلەی دروستكردنی حكومەتی هاوپەیمانی زۆر دوودڵ بێت و هەوڵ بدات بەشێوازی گونجاو بەبێ ئەوەی لەسەری بكەوێت، خۆی لە قەرەی ئەو جۆرە حكومەتە بدزێتەوە كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 7ی حوزەیران دەیسەپێنێ.
بەشێك لە میدیاكانی توركیا باس لە هەوڵی رەجەب تەیب ئەردۆغان و AKP دەكەن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت. سیاسەتمەداری كورد سەرتاج بوجاك بە (رووداو)ی گوت "ئەردۆغان دەخوازێ هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێ، بەڵام پێموایە هەڵبژاردنی پێشوەخت نابێتە فریادڕەسی AKP".
بەڵام محەممەد كایا دەڵێت لەبەرئەوەی جێگای هەدەپە و مەهەپە بەیەكەوە لەناو تابلۆی حكومەتی هاوپەیمانی نابێتەوە، مومكین نییە حكومەتی هاوپەیمانی بەبێ AKP دروست بكرێت. بە بۆچوونی كایا، حكومەتی هاوپەیمانی گۆشەگیری لەسەر AKP هەڵدەگرێ.
سەرەڕای ئەمەش، حكومەتی هاوپەیمانی بۆ AKP ئاسان نابێت، چونكە هەموو پارتەكانی دیكە لەكاتی پڕۆسەی كەمپینی هەڵبژاردن بەڵێنیان بە دەنگدەر داوە، دۆسیەی گەندەڵی و بەرتیل كە لەمانگی كۆتایی 2013 سەریهەڵدا و چوار وەزیری AKPی گرتەوە، هەڵبدەنەوە. لەوانەشە هەڵدانەوەی ئەو دۆسیەیە، یەكڕیزیی AKP بهەژێنێ.
سەرۆكی سەنتەری دیجلە پێیوایە AKP بە دوو رێگا لە چارەسەری ئەو كێشەیە دەگەڕێت "یەكەم: لەكاتی گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی حكومەت، ئەردۆغان لە بەرامبەر داواكاری ئۆپۆزیسیۆن لەبارەی دەسەڵاتەكانی و هەڵدانەوەی دۆسیەی گەندەڵی هەنگاو بۆ دواوە نەنێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی توركیا بەبێ حكومەت بمێنێتەوە، ئەو كاتە سەرۆك كۆمار بەپێی دەسەڵاتەكانی بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت دەدات. ئاكپارتی بەهیوایە لە هەڵبژاردنی پێشوەختدا 45%ی دەنگەكان بهێنێ و بە تەنیا ببێتەوە حیزبی دەسەڵاتدار. دووەمیشیان: دروستكردنی حكومەتێكی كاتییە لەناو پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێك و دوای هەمواركردنەوەی چەند یاسایەك و پاشانیش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی".
بەڵام وەهاب جۆشكون بە پێچەوانەی كایا، جەخت لەوە دەكاتەوە كە AKP سوورە لەسەر دروستكردنی حكومەتێكی هاوپەیمانی. لەمبارەیەوە دەڵێت "ئاكپارتی 258 پەرلەمانتاری هەیە، ئەوە لە پەرلەمان بە واتای زۆرینە دێت. پێموانییە حكومەتێك دروست بكرێت AKPی تێدا نەبێت. سیناریۆی حكومەتی كوالسیۆنی جەهەپە، مەهەپە و هەدەپە واقیعی نییە. پێشموایە AKP زەمینەی دامەزراندنی حكومەت لەگەڵ جەهەپە یان مەهەپە دەدۆزێتەوە".
ناكۆكییەكانی نێو ماڵی ئاكپارتی
هەرچەندە لە دوای 2011ەوە دەنگۆی ناكۆكی و دووبەرەكی لەناو AKP لە میدیاكاندا بڵاودەكرایەوە، بەڵام AKP توانی یەكێتیی خۆی بپارێزێ، سەرەڕای دووركەوتنەوەی چەندین كەسایەتی كاریگەری، بەڵام لەدوای ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 7ی حوزەیران، ئیتر مەسەلەی یەكپارچەیی و یەك جەستەیی AKP گفتوگۆی لەسەر دەكرێت. لەكاتی پڕۆسەی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش، لەناو میدیای سەر بە AKP ئەوە بە ئاشكرا دیارە. هەروەها بڵاوكردنەوەی پەرتووكی "12 ساڵ لەگەڵ گیول" دوای هەڵبژاردن بەهەفتەیەك لەلایەن ئەحمەد سەڤەر كە راوێژكاری گیول بووە، ئاماژەیەكی دیكەیە بۆ ئەوەی كە ناكۆكییەكانی ناو AKP بە گوڕتر دەبن و لەوانەیە بگەنە ئاستی دابەشبوونی ئەو پارتە.
محەممەد كایا شیمانەی دابەشبوون بە دوور نازانێت و دەڵێت "ئەگەرێكی زۆر هەیە لەم قۆناغەدا بەهۆی دوو ئاراستە و سێ سەری (گیول، داودئۆغڵو و ئەردۆغان) لەناو AKP قەوارەیەكی دیكە سەرهەڵبدات. زۆربەی ئەو كاندیدانەی لە هەڵبژاردنی 7ی حوزەیران بوونەتە پەرلەمانتاری AKP سەر بە ئەردۆغانن. بۆیە ئەگەری سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆنێكی بەهێز لەناو AKP لەدژی دەسەڵاتی تاكڕەوانەی ئەردۆغان لاوازە. بەڵام ئەگەر عەبدولڵا گیول لە كۆنگرەی داهاتووی AKP بە سەرۆك هەڵبژێردرێتەوە، ئەوكات هەژموونی ئەردۆغان كەم دەبێتەوە و ئەگەری پارچەبوون بەهێز دەبێت".
سەرتاج بوجاكیش لەوبارەیەوە دەڵێت ناكۆكی و دووبەرەكی ناو AKP لەسەر لێواری تەقینەوەیە "AKP تاوەكو ئەمڕۆ كێشەكانی لەناوخۆدا چارەسەر دەكرد. بۆیە ناكۆكییەكان رەنگدانەوەیان لەسەر دەرەوە نەبوو، بەڵام پەرتووكەكەی ئەحمەد سەڤەر نیشانی دەدات كە ناكۆكییەكانی ناو AKP لە ئاستێكی باڵا و قووڵدان". هەروەها دەڵێت "پێشبینی دەكەم لەناو AKP دوو جەمسەر لەژێر ناوی سیستەمی پەرلەمانی و سیستەمی سەرۆكایەتی شەڕی یەكدی بكەن. لەدواڕۆژدا AKP بۆ جەمسەری سەر بە گیول و ئەردۆغان دابەش ببێت. زۆر كەس لە دەستڕۆیشتوویی بەڕێز ئەردۆغان لەناو AKP دەترسێن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ