رووداو - هەولێر
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە فڕۆکەخانەی ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستانەوە 272 کۆچبەری ئەفغانی رەوانەی وڵاتەکەیان کرانەوە.
ئەو کۆچبەرانە کە بە نایاسایی سنووری وڵاتیان بڕیبوو و دەیانویست خۆیان بگەیێننە وڵاتانی ئەوروپا، دوای دەستگیرکران و راییکردنی کارەکانیان لە فەرمانگەی کۆچی تورکیادا، گواسترانەوە بۆ فڕۆکەخانەی ئەرزەڕۆم، کۆچبەرە ئەفغانییەکان زیاتر گەنجن. ئەوان بە دوو گرووپ و لەڕێی دوو فڕۆکەوە نێردرانەوە وڵاتەکەیان.
هەر لەڕێی فڕۆکەخانەی ئەرزەڕۆمەوە رۆژانی 22 و 23ـی ئایاریش 414 کۆچبەری دیکەی ئەفغانی نێردرانەوە وڵاتەکەیان.
تورکیا کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 84 ملیۆن کەسە، میوانداری نزیکەی پێنج ملیۆن کۆچبەر و پەنابەری کردووە، 3.7 ملیۆن لەو کۆچبەرانە خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستانن، 420 هەزار کۆچبەریش ئەفغانین. بەگوێرەی چەند راپرسییەکی ئەمدواییە، نزیکەی 85%ـی خەڵک لە تورکیا نیگەرانن لە بوونی پەنابەرانی ئەفغانی لەو وڵاتە.
رۆژی 17ـی شوباتی 2022، سلێمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە دیداری کۆچ کە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بۆ میدیاکانی ئەو وڵاتە لە ئەنقەرە ئەنجامیاندابوو، لەبارەی کۆچی ئەفغانییەکان رایگەیاندبوو، لە ماوەی پێنج ساڵدا 306 هەزار 138 کۆچبەری ئەفغانی دیپۆرتی وڵاتەکەیان کراونەتەوە. راشیگەیاند، دوای کۆنترۆڵی تاڵیبان بۆ سەر تەواوی ئەفغانستان، دوو ملیۆن کۆچبەری ئەفغانی سنوورەکانی ئێرانیان بەزاندووە و روویان لە سنوورەکانی تورکیا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ