قەدەخەی خۆپێشاندان لە ئەنقەرە بۆ پێنج رۆژی دیکە درێژکرایەوە

رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای ئەنقەرە قەدەخەی هەموو جۆرە خۆپێشاندان، گردبوونەوە و کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی بۆ پێنج رۆژی دیکە درێژکردەوە.
رۆژی سێشەممە، 25ـی ئاداری 2025، پارێزگای ئەنقەرە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: ''بەمەبەستی پاراستنی دۆخی گشتی و رێگریکردن لە هەر کارێکی تێکدەرانە''، قەدەخەی هەموو جۆرە گردبوونەوە، خۆپێشاندان و سازکردنی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی تاوەکو 1ـی نیسان درێژکرایەوە.
پارێزگەکە لە رۆژی 21 تاوەکو 25ـی ئەم مانگە، هەموو جۆرە چالاکییەکی قەدەخەکردبوو. لە ئیستەنبووڵ و ئیزمیریش بە هەمان مەبەست، قەدەخەی خۆپێشاندان و گردبوونەوە راگەیێندرابوو.
ئەو قەدەخەیە لە کاتێکدایە، رۆژی 19ـی ئەم مانگە ئەکرەم ئیمامئۆغلو، سەرۆکی گەورەشارەوانی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی شارەوانییەکە بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی و هاوکاریکردنی پەکەکە دەستگیرکران؛ رۆژی 23ـی مانگیش ئەکرەم ئیمامئۆغلو بە تۆمەتی گەندەڵی خرایە زیندانەوە.
ئەم بڕیارەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ناڕەزایەتیی و خۆپێشاندانی بەشێک لە هاووڵاتییانی چەند پارێزگەیەکی تورکیای لێکەوتەوە و چەند جارێکیش گرژی لەنێوان خەڵک و هێزەکانی ئاسایش دروست بووە.