وەزیری ناوخۆی تورکیا: لە 19ی مانگەوە 1418 کەس دەستگیر کراون

25-03-2025
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 25-03-2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە 19-03-2025ـەوە 1418 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا دەستگیر کراون.
 
لە بەشێکی نووسینەکەی عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیادا هاتووە، "لەو خۆپێشاندانە نایاساییانەی لە رۆژی 19ی مانگەوە دەستیان پێکراوە، 1418 گومانلێکراو دەستگیر کراون. ئێستا 979 کەس بە دەستگیرکراوی ماونەتەوە و 478یان دەدرێنە دادگە."
 
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رۆژی 19ی مانگ دەستگیرکرا و ئێستاش لە زیندانە.
 
جەماوەری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەردەوامن لە خۆپێشاندان و ناڕەزایی، تەنانەت لە هەندێک شوێن زیان بە شەقام، دووکان و شوێنی گشتی گەیشتووە.
 
لەو بارەیەوە وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، "هەرگیز سازش لەوانە ناکرێت کە تیرۆریان هێناوەتە کۆڵان و شەقامەکانمان و پەلاماری پۆلیس و بەهاکانیان داوین."
 
دیمەنی ڤیدیۆیی بەشێک لە خۆپێشاندەران بڵاوبووەتەوە کە جنێو بە بەرپرسانی باڵای وڵات دەدەن. یەرلیکایا رایگەیاند، پۆلیس سەرقاڵی راپەڕاندنی ئەرکەکانیانن و کار لەپێناوی دابینکردنی ئارامی دەکەن.
 
بەرەبەیانیی رۆژی 23ـی ئاداری 2025 ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەرەشارەوانی ئیستەنبووڵ و 99 کەسی دیکە کە 19ی مانگ دەستگیرکرابوون، رەوانەی دادگە کران. 
 
ئیمامئۆغڵو بە بڕیاری دادگە خرایە زیندان و دواتریش لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە