وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی ئەمریکا دەکات

25-03-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی واشنتنی پایتەختی ئەمریکا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە رۆژانی 25-26ـی ئەم مانگە، بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا و لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
 
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی تورکیا، لە کۆبوونەوەکاندا وێڕای پەیوەندیی دووقۆڵیی هەردوو وڵات، چەند پرسێکی جیهانی و ناوچەکەش تاوتوێدەکرێن. 
 
هەر بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکە، بڕیارە شەڕی ئۆکراینا-رووسیا، پرسی غەززە و دوایین پێشهاتەکانی سووریا چەند مژارێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا بن.
 
ئاژانسی فەرمیی تورکیا دەشڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکاندا بەرپرسانی باڵای تورکیا و ئەمریکا باسی رێکار و هەنگاوەکان لەبارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و داعش بکەن.
 
ئاژانسی فەرمیی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕوان دەکرێت وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆبوونەوەکاندا باسی هەڵگرتنی سزاکانی یاسای کاتسا و فرۆشتنی فڕۆکەی F-35 بە تورکیا لەلایەن ئەمریکاوە، بکات.
 
یاسای کاتسا، "یاسای بەرەنگاربوونەوەی دژایەتیکردنی ئەمریکایە لە رێگەی سەپاندنی سزاوە."
 
تورکیا لە ساڵی 2019، سیستمی بەرگریی مووشەکی S-400 ـی لە رووسیا کڕی، بەمەش بووە یەکەم وڵاتی ناتۆ کە بە پێی یاسای کاتسا، بە فەرمی سزای بەسەردا سەپێنرا.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە