لە هەڵبژاردنی شارەوانیی تورکیادا 1.3 ملیۆن گەنج بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن

25-03-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە 61 ملیۆن هاووڵاتیی باکووری کوردستان و تورکیا کە 1.3 ملیۆنیان یەکەمجاریانە، لەم هەڵبژاردنەی شارەوانیی تورکیادا دەنگ دەدەن و دەسەڵاتێکی پێنج ساڵە بە بەربژێران دەدەن.
 
بەگوێرەی رۆژژمێری دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رۆژی 31-3-2024 هەڵبژاردنی شارەوانی لە 81 پارێزگا بەڕێوەدەچێت؛ سەرۆکی شارەوانییەکان، ئەنجوومەنی شارەوانی و موختارەکان هەڵدەبژێردرێن.
 
ژمارەی دەنگدەران
 
بەگوێرەی داتاکانی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە. لەنێو ئەو دەنگدەرانەدا ملیۆنێک و 32 هەزار و 610یان گەنجن و یەکەمجاریانە دەنگدەدەن. بۆ ئەم هەڵبژاردنە کە بەربژێرانی 34 پارتی سیاسی لە پارێزگا جیاوازەکاندا کێبڕکێ دەکەن، 206 هەزار سندووق دادەنرێت.
 
پۆستەکانی هەڵبژاردنی شارەوانی
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانیدا سەرۆکی شارەوانیی 81 پارێزگا هەڵدەبژێردرێن. بەجۆرێک 30 لەوانە گەورەشارەوانین و 51یان شارەوانین. هەریەک لە ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، ئامەد، رووها لە گەورەشارەوانییە دیارەکانن. 
 
لە نێو پارێزگاکانیشدا سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکە و بازنەکان هەن. ئەو پارتەی سەرۆکی گەورەشارەوانی بباتەوە، بەڵام زۆرینەی بازنەکان و ئەنجوومەنی شارەوانیی نەبردبێتەوە، دەسەڵاتی تەواوی بۆ کارەکانی نابێت و پارتی رکابەر دەتوانێت بەشێک لە پرۆژەکانی پەک بخات. 
 
گەورەشارەوانییەکان
 
گەورەشارەوانییەکان 23یان دەکەونە تورکیا، کە بریتین لە: ئەدەنە، ئەنقەرە، ئەنتالیا، ئایدن، باڵکئەسیر، بورسە، دەنیزلی، ئێکسیشەهیر، هاتای، ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، مەڕەش، کایسەری، کۆجائەلی، کۆنیا، مانیسا، مێرسین، موغڵا، ئۆردو، ساکاریا، سامسون، تەکیرداخ و ترابزۆن. حەوتیشیان دەکەونە باکووری کوردستان کە پێکدێن لە: ئامەد، وان، مێردین، ئەرزەڕووم، دیلۆک، مەڵەتی، رووها.
 
چەند دەنگ دەدرێن؟
 
دەنگدەرانی ئەو 30 پارێزگایانەی لە سەرەوە ئاماژەیان بۆ کراوە کە گەورەشارەوانیان هەیە، دەنگ بە سەرۆکی گەورەشارەوانی، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکە و بازنەکان، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی، موختاران و دەستەی پیاوماقووڵان دەدەن. 
 
هەروەها ئەو دەنگدەرانەی لە 51 پارێزگاکەی دیکەدا مافی دەنگدانیان هەیە؛ واتا پارێزگاکانیان گەورەشارەوانیی نییە و شارەوانیی ئاساییە، دەنگ بە سەرۆکی شارەوانی، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی، موختار و دەستەی پیاوماقووڵان دەدەن.
 
پسوولەکان چ رەنگێکن؟
 
پسوولەی سپی تایبەتە بە سەرۆکی گەورەشارەوانی. پسوولەی شین تایبەتە بە سەرۆکی شارەوانی. پسوولەی زەرد تایبەتە بە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی. دەنگدەران دوای دەنگدان، تەواوی پسوولەکان دەخەنە زەرفێکەوە. 
 
بەگوێرەی رێسای دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، دەنگدەر تەنیا دەتوانێت دەنگەکەی بخاتە ئەو سندووقەی کە لە تۆماری زانیارییەکەیدا هەیە. 
 
کاتی دەنگدان
 
دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە دیاریکردنی کاتی دەنگدان، رەچاوی کاتی رۆژهەڵاتن و رۆژئاوابوونی کردووە. لەو 32 پارێزگایەی دەکەونە رۆژهەڵات کاتی دەنگدان کاژێرێک پێشخراوە؛ واتا کاژێر 07:00ی بەیانی پرۆسەی دەنگدان دەستپێدەکات و کاژێر 04:00ی ئێوارە دەنگدان کۆتایی دێت. هەروەها لە 49 پارێزگاکەی دیکەدا دەنگدان کاژێر 08:00ی بەیانی تاوەکو 05:00ی ئێوارە دەبێت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە