رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی دەڵێت، پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی، تەنیا لە هەڵبژاردنەکاندا کێشەی کوردی دێتەوە یاد.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە وەڵامی پرسیارێکدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەنگدەرانی کورد بەگشتی و ئەندام و لایەنگرانی پارتەکەی خستەڕوو.
لەبارەی پەیامی نەورۆزی لەیلا زانا لە ئامەد بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، ئاکپارتی خەیاڵ بە دەنگدەرانی کورد دەفرۆشێت، "پەیامەکەی لەیلا زانای قۆستووەتەوە و بە شێوەیەک بەگوێی دەنگدەرانی کورد دەچرپێنێت گوایە دوای 1ی نیسان پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد زیندوو دەکاتەوە؛ بەڵام ئەمە تەنیا خەیاڵە و هیچی دیکەی بەدوادا نایەت."
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری راشیگەیاند، ئاکپارتی لە دژی بەربژێرەکانی دەم پارتی لە چەندین ناوچەی جیاوازدا ئەم سیاسەتە جێبەجێ دەکات و پەیامی هیوابەخش بڵاودەکاتەوە، "بۆئەوەی کاریگەری بخاتە سەر دەنگدەرانی دەم پارتی. ئەمەش لە کاتێکدایە زیاتر لە 40 ساڵە کێشەی کورد چارەسەر ناکرێت و گەلی کورد زیانی زۆر گەورەیان بەردەکەوێت و ئازاری زۆریان چەشتووە و گەلانی تورکیاش بەدەستیەوە دەناڵێنن."
ئەوەشی راگەیاند، ئاکپارتی "تەنیا لە هەڵبژاردنەکاندا" پرسی کوردی دێتەوە یاد و دوای هەڵبژاردنەکانیش لەیادی دەچێت، "ئەمجارەش هەمان شت دەکاتەوە و پرسی کورد وەک ئامرازێکی بەهێزی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاردەهێنێت.
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان، 973 شارەوانیی قەزاکان و 390 شارەوانیی ناحیەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 336 موختار هەڵدەبژێردرێن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی ئاداری 2024دا لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە 50.59٪ی دەنگدەران مێینەن و 49.41٪یشیان پیاون. هەروەها 1 ملیۆن و 32 هەزار و 610 کەس بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە یەک گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا سێ گەورەشارەوانی، پێنج شارەوانی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییوومیان بۆ دانرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ