رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا لەڕێگەی موختارەکانەوە زانیاریی تۆماری دەنگدەرانی بڵاوکردەوە و لە پۆرتاڵی دەستەکەشدا دەنگدەر زانیاری لەبارەی بنکە و ناوەندی دەنگدانەکانیش وەردەگرێت.
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە ماڵپەڕی فەرمیدا، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا روونیکردووەتەوە، زانیاریی تۆماری دەنگدەرانیان بە موختاری گەڕەکەکان داوە و دەتوانن لەڕێگەی موختارەکانەوە زانیاری لەسەر بنکە و ناوەند و سندووقی دەنگدانەکان بزانن.
باسی لەوەش کردووە، سبەی 25ی ئادار، لە پۆرتاڵی تایبەتی زانیارییەکانی دەنگدەرانی سەر بە دەستەی باڵای هەڵبژاردن، دەنگدەران دەتوانن لەڕێگەی داخڵکردنی ژمارەی ناسنامەیان، زانیاری لەبارەی شوێنی بنکە و ناوەندی دەنگدان و تەنانەت ژمارەی سندووقی دەنگدانیش وەربگرن.
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان، 973 شارەوانیی قەزاکان و 390 شارەوانیی ناحیەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 336 موختار هەڵدەبژێردرێن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ی ئاداری 2024دا لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە 50.59%ی دەنگدەران مێینەن و 49.41%یشیان پیاون. هەروەها یەک ملیۆن و 32 هەزار و 610 کەس بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە یەک گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا 3 گەورەشارەوانی، 5 شارەوانیی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییومیان بۆ دانرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ