تونجەر باکرهان: ئەگەر حکومەت ئامادە بێت کۆمارێکی دیموکراسی دادەمەزرێنین

25-02-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان - دەم پارتی سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەڵێت، هەموو کورد ئامادەن بۆ ئاشتی، بەڵام ئەگەر حکومەتیش ئامادە بێت، دەتوانن پێکەوە کۆمارێکی دیموکراسی دابمەزرێنن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی شوباتی 2025 تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان گوتاری پێشکێش کرد.
 
باکرهان ئاماژەی بە دانانی قەییوم لەسەر شارەوانییەکانی باکووری کوردستان کرد، لەنێویاندا شارەوانیی شارۆچکەی قاقزمان لە پارێزگای قەرس، کە رۆژی دووشەممە 24ی شوباتی 2025 بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییومی بۆ دانرا و گوتی، "بەهۆی ئەو سیاسەتانەی سیستم کە فرەچەشنی رەتدەکەنەوە، خەڵک لە دەوڵەت دوورکەوتووەتەوە و نامۆ بووە. دەوڵەت بەردەوام لە دیموکراسی و ماف و دادپەروەری و ئازادی رادەکات. دەوڵەت 100 ساڵە ویستی یەک جۆر، یەک رەنگ مرۆڤ دروست بکات، بەڵام ئەوە رووینەدا."
 
سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە؛ هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە دا، قۆناخێكی نوێ دەستپێدەکات، "چاوی هەموو لایەک لەسەر بانگەوازە چاوەڕوانکراوەکەی ئۆجەلانە، جۆش و خرۆش هەیە. خەڵک دەیانەوێت بەبێ شەڕ پێکەوە بژین. ئێمەش درک بەوە دەکەین کە دۆخێکی هەستیار هەیە و بەو پێیە کار دەکەین. کورد بوون بە یەک. بەڕێز بارزانییش گوتی، پشتگیری لە بۆچوونەکانی ئۆجەلان دەکەن. ئێوە دەبێت رێز لەم هەڵوێستە مێژووییە بگرن."
 
باکرهان رەخنەی لە حکومەت گرت و رایگەیاند، هیوادارە سەرکردەکانی ئەم وڵاتەش هێندەی کورد دڵسۆزانە لە پرسی ئاشتی نزیک ببنەوە.
 
دوای کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی باکرهان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، شاندی پارتەکەی بۆ سێیەمین سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی، داواکارییان پێشکێشی وەزارەتی دادی تورکیا کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە