ژمارەیەک رۆژنامەڤانی ژن رووماڵی بوومەلەرزە دەکەن؛ "10 شەو لە ئۆتۆمبێلدا خەوتین"

25-02-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
پەیام سەربەست، نێردراوی رووداو بۆ تورکیا
پەیام سەربەست، نێردراوی رووداو بۆ تورکیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پەیام سەربەست و ئەندامانی دیکەی تیمی رووداو لە هاتای لە پڕ باڵەخانەیەک لەبەردەمیاندا تەختی زەوی بوو. 
 
رووخانی باڵەخانەکە ژیانی تیمەکەی رووداو دەخاتە مەترسییەکی زۆرەوە؛ ترسی لەدەستدانی ئەندامێکی ستافەکە بۆ چەند چرکەیەک تووشی ترسێکی زۆریان دەکات. 
 
بەرەبەیانیی دوای رووداوەکەیە لە هاتای، ئەمڕۆ دەبێتە رۆژی 10یەمی پەیام کە وەک رۆژنامەڤانێکی ژن رووماڵی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی 6ی شوباتی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و سووریا و تورکیا دەکات.
 
پەیام سەربەست گوتی: "شوێنی خەوتن و مانەوە یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانە بۆ رۆژنامەڤانان، بەتایبەت رۆژنامەڤانی ژن لەو شوێنانەی بوومەلەرزە هەموو شتێکی وێرانکردووە. بۆ نموونە ئێستا ئێمە 10 شەوە لە نێو خێمە و نێو ئۆتۆمبێل دەمێنینەوە و دەخەوین کە پلەی گەرمی شەوان دادەبەزێت بۆ خوار سفر." 
 
پەیام لەو چەند رۆژەی رووماڵەکەیدا لە پارێزگای دیلۆک لە باکووری کوردستان و پارێزگای هاتای لە تورکیا، بە تەواوەتی لەگەڵ خەمی خەڵک تێکەڵ بووە.
 
وەک نێردراوەکەی رووداو دەڵێت، دانەبڕاوە لە زیانلێکەوتووان، برسێتی و سەرما هەراسانی کردوون، بەڵام ئامانجی ئەو تەنیا پیشەییبوونیەتی لە کارەکەیدا. 
 
پەیام سەربەست باسی لەوەش کرد، "ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی لە رێگەی مایکەکانمانەوە چیرۆک و دەنگی ئەو کەسانە بگەیێنین کە ئازیزانیان لەدەستداوە. ماڵ و حاڵیان لەدەستداوە و پێویستیان بە هاوکارییە و پێویستیان بەوەیە دەنگیان بگاتە هەموو جیهان. هێندە چیرۆکی ناخهەژێنمان بینیوە کە رەنگە هیچ کات بیرمان نەچێتەوە." 
 
ئەلێکس کراوفۆرد، رۆژنامەڤانی تەمەن 60 ساڵی بەریتانی یەکێکی دیکەیە لەو ژنە رۆژنامەڤانانەی دۆخی باکووری کوردستان و تورکیا دوای بوومەلەرزەکە رووماڵ دەکات.
 
لە شارۆچکەی ئەنتاکیا لە هاتای لەگەڵ خەڵکەکە دەگری و دواتر لە سووریا بەشداری لە بەخاکسپاردنی بەکۆمەڵی قوربانییان دەکات. 
 
ئەلێکس کراوفۆرد لە 2021 بووە براوەی خەڵاتی شیفا گەردی و لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا سوپاسی رووداوی کرد.
 
ئالێکس کراوفۆرد، پەیامنێری سکای نیوز دەڵێت، "کارێکی فراوان دەکرێت بۆ ئامادەکردنی گۆڕی بەکۆمەڵ. چونکە نازانن ژمارەی گیانلەدەستدان نەک لە سووریا کە گەیشتووەتە هەزاران چەندە، بەڵکو ناتوانن بزانن ئەو تەرمانەش لە تورکیاوە دەهێنرێن چەندن." 
 
یوسرا باقرە، رۆژنامەڤانی سوودانی لەنێو چادری ژمارەیەک زیانلێکەوتوو لە دیلۆکی باکووری کوردستان گوێ لە خەمەکانیان دەگرێت. تەرمیش لەگەڵ تیمەکان دەگوازێتەوە. 
 
یوسرا باقر گوتی، "دوو تەرم گوێزرانەوە، هێشتا زەرفی تەرمی لێماوە کە بەکاری دەهێنن بۆ گواستنەوەی تەرمەکان بۆ نێو سووریا تاوەکو لەوێ بە خاکیان بسپێرن."  
 
یوسرای تەمەن 31 ساڵ هەر دوو رۆژ دوای بوومەلەرزەکە خۆی گەیاندە مەرەشی باکووری کوردستان. لە زۆربەی کاتەکاندا هاوشانی خەڵک و تیمەکانی فریاگوزاری چاوەڕێی رزگارکردنی قوربانییەکان دەکات.
 
جوولی کۆپارت، رۆژنامەڤانی هۆڵەندی یەکێکی دیکە لەو پەیامنێرانەیە رووماڵی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریای کرد. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە