رووداو دیجیتاڵ
گولتەکین ئویساڵ، سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکرات - دەپە کە یەکێک لە شەش پارتەکەی نێو هاوپەیمانیی میلـلەتە دەڵێت، دەیانەوێ کەمال کڵچدارئۆغڵو ببێتە بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا.
لە کاتی بەشداریکردنی لە دیمانەیەکی راستەوخۆدا، گولتەکین ئویساڵ وەڵامی پرسیارێکی سەبارەت بە هەڵوێستی پارتەکەی لەبارەی بەربژێری پۆستی سەرۆککۆمار دایەوە و گوتی: "ئێمە جگە لە گۆڕینی دەسەڵات، دەمانەوێ ئەو پرۆگرامە سیاسییە بەگەڕبخەین کە بۆ بەڕێوەبردن پێویستە. لێرەدا ئەوەی پێشڕەویی سیاسەت دەکات، پارتە سیاسییەکانن. هەڵبەتە لەم خاڵەی پێیگەیشتووین وەکو پارتی دیموکرات ئەوەیە کە دەمانەوێ سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری بەڕێز کڵچدارئۆغڵو بەربژێر بێت".
گولتەکین ئویساڵ هەروەها رایگەیاند، خەڵک داوای بەڕێوەبردنێکی باش دەکات. بۆ نموونە، متمانە بەو باڵەخانەیەی لەنێویدا دەژین و متمانەکردن بەو خۆراکەی بەکاری دەهێنن.
هەریەک لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە، مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی، تەمەل کارامۆڵڵائۆغڵو، سەرۆکی پارتی سەعادەت، گولتەکین ئویساڵ، سەرۆکی پارتی دیموکرات، عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی میلـلەتدا تائێستا زیاتر لە 10 کۆبوونەوەی فەرمییان سازکردووە، بەڵام هیچ کەسێکیان وەکو بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دیاری نەکردووە.
بڕیارە سەرەتای مانگی ئادار هاوپەیمانیی میلـلەت کۆببێتەوە و پرسی دیاریکردنی بەربژێریش بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار یەکێک لە مژارەکان دەبێت.
بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەبچێت و هاوپەیمانیی میلـلەتیش کاردەکات بۆئەوەی دەسەڵات وەربگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ