رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە 25-1-2023، ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا لە یەکەمین کۆبوونەوەی 2023یدا تاوتوێی چەند مژارێک دەکات.
دوای نزیکەی دوو مانگ، ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی بێشتەپە کۆدەبێتەوە. چاوەڕێ دەکرێ بەئەندامبوونی سوێد و فینلاند لە هاوپەیمانیی ناتۆ یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بێت. ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ سێشەممە، میدیای ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە کە کۆبوونەوە سێقۆڵییەکانی تورکیا - سوێد - فینلاند تایبەت بەو بابەتە بۆ کاتێکی نادیار دواخراون.
ئاداری رابردوو، سوێد و فینلاند، داوای ئەندامبوونیان لە ناتۆ کرد، بەڵام ئەندامبوون لەو هاوپەیمانییە سەربازییە پێویستی بە رەزامەندی سەرجەم ئەندامەکانییەتی؛ تاوەکو ئێستا 28 وڵات واژۆیان لەسەر داواکارییەکەی سوێد و فینلاند کردووە و تەنیا تورکیا و هەنگاریا ماون.
تورکیا کۆمەڵێک داواکاری لە حکومەتی هەردوو وڵات هەیە، لەوانەش رادەستکردنی 130 کەس کە دەڵێت، بەشێکیان ئەندامی پەکەکەن.
بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشقە کە کۆبوونەوەی نێوانیان بە نێوەندگیری رووسیا دەستپێکردووەتەوە.
هەروەها بابەتی شەڕی سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ