هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی: دەرگامان بۆ بەربژێری هاوبەشی سەرۆککۆمار واڵایە
رووداو دیجیتاڵ
هەدەپە و هاوپەیمانانی، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان کۆبوونەوە و رایانگەیاند، دەرگایان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا واڵایە.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی سەرۆکانی پارتی دیموکراتی و گەلان (HDP)، پارتی کرێکاریی تورکیا (TİP)، پارتی رەنج (EMEP)، پارتی ئازادیی کۆمەڵگەیی (TÖP)، پارتی بزووتنەوەی رەنجدەران (EHP)، فیدراسیۆنی ئەنجوومەنی سۆسیالیزم (SMF) و رێکخراوی ماڵی خەڵک (HEV) بەڕێوەچوو.
دوای کۆبوونەوەکە، هاوپەیمانییەکە راگەیێندراوێکی بە ناوی (لە نزیکترین کاتدا بەربژێر دەستنیشان دەکەین) بڵاوکردەوە. لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەگەڵ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک لەبارەی گفتوگۆکردن لەسەر بەربژێری هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار داخراو نین، ئێمە وەکو لایەنە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی، بڕیاری دەستنیشانکردنی بەربژێرێکمان داوە. لە کورتترین ماوەدا ناوی بەربژێرمان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین."
هاوپەیمانییەکە هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە، هەوڵدەدات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیشدا بە شێوەیەکی بەرفراوان نوێنەرایەتیی خەڵک بکات. هاوکات سەبارەت بە فراوانکردنی هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان کە چەند پارت و لایەنێک داوایانکردووە بەشداری بکەن، راگەیێندراوە بە بازنەیەکی بەهێزی کار و چالاکیی هاوبەشەوە بەردەوام دەبن و هاوپەیمانییەکەش لەسەر ئەو بنەمایە بەرفراوانتر دەکەن.
ئەیلوولی 2022، هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان بە سەرۆکایەتیی هەدەپە راگەیێندرا.
میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە رۆژی 16ی ئەیلوولی 2022 لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانی پارتەکەی لە شارۆچکەی کاراچۆبانی سەر بە پارێزگای ئەرزەڕۆم لە باکووری کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: "ناتوانین بەتەنیا رووبەڕووی ستەمی دەسەڵات و ئەو رژێمە ببینەوە کە دەسەڵات بنەماکانی داڕشتووە و دژایەتیی هەمووانی پێدەکات، بۆیە لایەنە دیموکراسیخوازەکانمان بانگهێشکرد بۆ دامەزراندنی ئەم هاوپەیمانییە."
ئێستا دوو هاوپەیمانی لە تورکیادا رکابەرن؛ هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێکیدەهێنن، لەگەڵ هاوپەیمانیی میللەت کە شەش پارتەکەن.
بەشی هەرەزۆری راپرسییەکان بە شێوەیەکی تێکڕا باس لە بوونی رکابەرییەکی تووند لە نێوان ئەو دوو هاوپەیمانییە دەکەن. هەدەپە کە ساڵی 2018 لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تورکیادا 11.7٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، لە دەرەوەی ئەو دوو هاوپەیمانییەیە.
هاوسەرۆکانی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو هۆشدارییان داوەتە بلۆکی ئۆپۆزیسیۆن لەوەی ئەگەر هاوپەیمانییەکی فەرمی لە ئارادا نەبێت، بە هیچ شێوەیەک ئەو پشتیوانییەی لە رابردوو پێشکێشیان کرد، دووبارەی ناکەنەوە و بە بەربژێری خۆیانەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.