رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، عێراق وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکەدا و زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا هەیە. لە بابەتی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانیش ئاماژە بە باکووری کوردستان دەکات و دەڵێت، سوودی زۆری لێ دەبینێت.
لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رێڕەوەکانی گواستنەوەی تورکیا کە رۆژی (سێشەممە، 24-12-2024)، بەرێوەچوو، جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان کرد کە پلان وایە لە بەسرەوە دەستپێبکات و لە هەرێمی کوردستانەوە بچێتە نێو باکووری کوردستان و تورکیا.
بڕیارە ساڵی 2025، کارەکانی دروستکردنی بەندەری گەورەی فاو تەواو بکرێن و 90 شوێن بۆ لەنگەرکردنی کەشتی لەوێدا دروست بکرێن.
پێشبینی دەکرێت ئەو پڕۆژەیە کات و تێچوو کەم بکاتەوە، ئەوەش بە کورتکردنەوەی مەودای نێوان چین و ئەورووپا، بەراورد بە رێگەی دەریایی کە بە نۆکەندی سوێسدا تێدەپەڕێت.
بەرپرسانی تورکیا بەردەوام باس لەو پرۆژەیە دەکەن. ئەیلوولی ئەم ساڵ تورکیا جیدیبوونی خۆی لەسەر پشتیوانیکردنی پرۆژەکە راگەیاند.
ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رۆژی 13-9-2024 رایگەیاند، عێراق، ئیمارات، تورکیا و قەتەر لە دیدار و کۆبوونەوەی چڕدان لە بارەی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ