سەرۆک شارەوانییەکی جەهەپە خۆی سزادەدات

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکشارەوانیی ئەرەیلی لە پارێزگای کۆنیا کە ئەندامی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ـیە، وەک کاردانەوەیەک بۆ قەرزی زۆری سەر شارەوانییەکە، سزای زیندانیی نێو ماڵی، بەسەر خۆیدا سەپاند.
 
شارەوانیی ئەرەیلی لە پارێزگای کۆنیا کە پێشتر لەدەست پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بوو، لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانیدا کە ئاداری 2024 کرا، کەوتە دەستی جەهەپەوە.
 
بەگوتەی بەرپرسانی جەهەپە، ئەو شارەوانییە قەرزی زۆری لەسەر کەڵەکە بووە و ئاکپارتی بە کۆڵێک قەرزەوە رادەستی جەهەپەی کردووە. 
 
ئومیت ئاکپنار، سەرۆکشارەوانیی ئەرەیلی رایگەیاند هێندە قەرزیان لەسەرە، تەنانەت ناتوانن مووچەی کرێکارانیان بدەن. ئەو، دەڵێ "ناچارین کرێکار کەم بکەینەوە و ژمارەیەکیان لە کار دەربکەین. من نامەوێت یاری بە نان و رۆزیی هیچ کەسێک بکەم. لەوانەیە لەم قسەیەم تووڕە بن، بەڵام با هەرکەسێک ئەوە بکات کە بە راستی دەزانێت. منیش ئەمە بە راست دەزانم و هیچ کەسێک لەسەر کارەکەی دەرناکەم. سزای زیندانیکردنی خۆمم لە ماڵەوە بەسەر خۆمدا سەپاندووە و لە رۆژی دووشەممەوە جێبەجێ کراوە." 
 
ئەو سەرۆک شارەوانییەی جەهەپە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات؛ 5 یاریدەدەری هەیە و کارەکان رایی دەبن، بەڵام دەبێت کەسێک پشتیوانییان بکات و لەو کێشەیە رزگاریان بکات.
 
بەگوێرەی راپۆرتی جەهەپە، ئەو شارەوانییە بە 528 ملیۆن لیرەوە (نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار) قەرزەوە رادەستی ئەوان کراوە.