ئەردۆغان: هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتە بۆ کۆتاییهێنان بە بێ پڕۆژەیی لە ئیستەنبووڵ

رووداو دیجیتاڵ

هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لە هەمان شاردا و لە دوو شوێنی جیاواز، رەخنەیان لە یەکدی گرت. ئەردۆغان رایگەیاند هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتە بۆ کۆتاییهێنان بە بێ پڕۆژەیی لە ئیستەنبووڵ.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا لەبارەی هەڵبژاردنی 31-3-2024 قسەی کرد و رایگەیاند، لە 40 ساڵی ژیانی سیاسیی خۆیدا، هیچ کات بە دوای نمایشەوە نەبووە و ئەوەی کردووە کە خەڵک پێویستی پێی بووە، گوتیشی، "خەڵک متمانەی بە ئێمە هەبووە. هەر ئەو متمانەیە وایکردووە لە 21 ساڵی رابردوودا هەموو هەڵبژاردنەکان ببەینەوە. خەڵک هەمیشە بە پشتیوانی و نزاکانیان لەگەڵ ئێمەدا بوون."
 
ئەردۆغان رایگەیاند، نزیکەی سێ مانگ و نیو بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا ماوە، رووی دەمی لە ئەندامانی ئاکپارتی کرد و داوای لێکردن کار بۆ سەرکەوتن بکەن. بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ رەخنەی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ گرت و گوتی، "ئێمە لەو کەسانە نابین کە لە گۆڕەپانەکاندا بەڵێنی باق و بریقەداریان دەدا و دوای وەرگرتنی دەسەڵاتی خۆجێیش، کۆنکریتیان کرد بەسەر بەڵێنەکانیاندا."
 
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە دۆخی ئەو شارەوانییانە کرد، کە ئاکپارتی ساڵی 2019 لەدەستی دان و رایگەیاند، ئەو شارەوانییانە لەڕووی هەبوونی پڕۆژەوە دواکەوتوون، "هەموومان دەبینین ئەم شارە چەندە دواکەوتووە. بۆیە هەڵبژاردنی 31ـی ئادار زۆر گرنگە. ئەو هەڵبژاردنە دەرفەتە بۆ کۆتاییهێنان بە بێ پرۆژەیی لە ئیستەنبووڵ. پەنا بەخودا، 31ـی ئادار ئیستەنبووڵ ئەو خزمەتەی بۆ دەگەڕێتەوە، کە شایەنیەتی."
 
نزیکەی سێ مانگ و نیو ماوە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، تاوەکو ئێستا هاوپەیمانیی جمهوور، هاوپەیمانییەکەی ئاکپارتی و مەهەپە، هیچ بەربژێرێکی بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ رانەگەیاندووە، بەڵام ناوی چەند کەسێک دەهێندرێت، وەک فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا؛ تەوفیق گۆکسون، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنلەر؛ عەلی یەرلیکایا، وەزیری نێوخۆی تورکیا. ئەردۆغان لەمبارەیەوە گوتی، "بەم نزیکانە بەربژێرەکەمان رادەگەیەنین".
 
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو: ئەم خولەش لە پۆستەکەماندا دەمێنینەوە
 
هەر هەمان رۆژ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لە کاتی کردنەوەی پرۆژەیەکی تایبەت بە یەکەی نیشتەجێبوون، باسی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کرد. ئیمامئۆغڵو گوتی، "ئیستەنبووڵ لە لایەن خەڵکەوە خاوەنداریێتی دەکرێت و سەرۆک شارەوانییەکان ئەمڕۆ دێن و سبەی دەڕۆن، بەڵام با ئەوەش بڵێم، ئێمە ئەم خولەش نیازی رۆیشتنمان نییە. پەنا بە خوا بە جۆش و خرۆشەوە درێژە بە کارەکانمان دەدەین."
 
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کە بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت بوو بۆ پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، بە پشتیوانیی جەماوەری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە (دەم پارتی) رۆژی 31ـی ئاداری 2019 سەرکەوتنی بەسەر بیناڵی یڵدرم، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بەدەستهێنا، بەڵام بەبڕیاری دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبووڵ بە بیانووی بوونی ساختەکاری، دووبارە کرایەوە. ئیمامئۆغڵو رۆژی 23ـی حوزەیرانی 2019 بە بەدەستهێنانی 4 ملیۆن و 741 هەزار و 885 دەنگ بەرامبەر 3 ملیۆن و 935 هەزار و 429 دەنگ، لە بیناڵی یڵدرمی رکابەری بردەوە.