گالەری

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
1 Photos
هێمن عەساف

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای ئافیۆن کاراهیسار لە تورکیا, رووداوێکی هاتووچۆ روویدا و 30 کەس برینداربوون، تەندروستیی چوار لە بریندارەکان ناجێگیرە.
 
رووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2024، لەسەر رێگەی سەرەکیی شارۆچکەی ئەمیرهان سەر بە پارێزگای ئافیۆن کاراهیسار لەنێوان پاسێکی گەشتیاری، بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکت تایبەت روویدا.
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شارۆچکەکە هۆکاری رووداوەکەی بۆ خلیسکانی پاسە گەشتیارییەکە لەسەر رێگەکە گەڕاندەوە، کە بەهۆی بەفربارین و شەختەوە لە کاتی بەیانیدا بەستبووی. پاسە گەشتیارییەکە خۆی بە بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی بچووکدا کێشا. 
 
بەپێی زانیارییەکان، تەندروستیی چوار لە بریندارەکان ناجێگیرە و لە نەخۆشخانەی گشتیی شارۆچکەکەدا چارەسەر وەردەگرن. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ دا 344 هەزار و 906 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، بەهۆیانەوە هەزار و 533 کەس گیانیان لەدەستداوە و 215 هەزار و 646 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئەمە لەکاتێکدایە پار ملیۆنێک و 314 هەزار و 136 رووداوی هاتووچۆ روویاندابوو. بەهۆیانەوە 6548 کەس گیانیان لەدەستدابوو و  350 هەزار و 855 کەسیش بریندار ببوون.