سەندیکای پەروەردەی تورکیا: 83٪ی مامۆستایان لەژێر هێڵی هەژاریدان


رووداو دیجیتاڵ

سەندیکای پەروەردەی تورکیا دەڵێت، بەپێی ئەو توێژینەوەیەی کردوویانە، 83٪ی مامۆستایان لە تورکیا و باکووری کوردستان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، 85٪ی مامۆستایان بەزەحمەت کرێی خانوو دەدەن. هەروەها لە هەر چوار مامۆستا، سێیان ناتوانن گەشت بکەن و پشووەکانیان لە ماڵەوە یان لە گوندەکەیان بەسەر دەبەن.
 
بەر لە 24ی تشرینی دووەم، کە رۆژی مامۆستایانە لە تورکیا، سەندیکای پەروەردە لە تورکیا ئەنجامی توێژینەوەیەکی لەبارەی دۆخی ئابووریی کۆمەڵایەتیی مامۆستایان بڵاوکردەوە.
 
لە توێژینەوەکەدا کە بۆچوونی 16 هەزار مامۆستا وەرگیراوە؛ 83٪ی مامۆستایان رایانگەیاندووە کە کۆی داهاتی مانگانەیان لە خوار هێڵی هەژارییەوەیە. لە تورکیا هەر خێزانێکی چوار کەسی داهاتی مانگانەی لە 13 هەزار و 843 لیرە کەمتر بێت، بە لە خوار هێڵی هەژاری هەژمار دەکرێت.
 
ئەو مامۆستایانەی بەشداریی توێژینەوەکەیان کردووە 85.58٪ ـیان ئاماژەیان بەوەداوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی کرێی خانووەوە لە پێدانی کرێی خانووەکانیان کێشەیان بۆ دروستبووە.
 
لە کاتێکدا تەنیا نزیکەی 2٪ـی کارمەندانی پەروەردە پێیانوایە خەونەکانیان هاتووەتە دی، زیاتر لە 99٪ ـیان پێیانوایە شکۆی پیشەی مامۆستا دابەزیوە.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، نزیکەی 38٪ی فەرمانبەرانی پەروەردە هەرگیز ناچنە پشوو، 57٪ ـیان دەتوانن لە ساڵێکدا جارێک پشوو وەربگرن و تەنیا 4٪ ـیان دەتوانن لە ساڵێکدا زیاتر لە جارێک پشوو وەربگرن.
 
لە وردەکاریی راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو مامۆستایانەی داهاتی مانگانەیان لە نێوان 35 هەزار بۆ 45 هەزار لیرەیە بە رێژەی 24٪ و ئەو مامۆستایانەش کە داهاتی مانگانەیان 45 هەزار لیرە یان زیاترە، 22٪ ـیان دەتوانن لە ساڵێکدا زیاتر لە جارێک بچنە پشوو. ئەو مامۆستایانەش کە داهاتی مانگانەیان لە 10 هەزار لیرە یان کەمترە تەنیا 2٪ ـیان لە ساڵێکدا زیاتر لە جارێک دەتوانن بچنە پشوو.  
 
بەگوێرەی توێژینەوەکە 74٪ ـی ئەو مامۆستایانەی بەشداریی راپرسییەکەیان کردووە رایانگەیاندووە، بەزۆری پشووەکانیان لە ماڵەوە یان لە گوندەکەیان بەسەر دەبەن، 47٪ ـیان هەرگیز نەچوونەتە پشوو، هەروەها 51٪ ـیان ساڵانە تەنیا جارێک چوونەتە پشوو و 1.5٪ ـیان لە ساڵێکدا زیاتر لە جارێک چوونەتە پشوو.