هیومان رایتس وۆچ: بەشێک لە پەنابەرانی سووری لە تورکیاوە دیپۆرتی وڵاتەکەیان دەکرێنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

تورکیا باوەشی بۆ 3.6 ملیۆن پەناخوازی سووری کردبووەوە کە لەترسی شەڕ و ستەم لە وڵاتەکەیان رایانکردبوو، بەڵام ماوەیەکە دەستی بە ناردنەوەی پەناخوازانی سووری کردووە.
 
بە گوتەی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، "تورکیا بە شێوەی هەڕەمەکی پەناخوازان دەستگیر دەکات، لە سەنتەرەکان ئەشکەنجەیان دەدات و ناچاریان دەکات واژۆی گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان بکەن."
 
پیاوێکی سووری کە نەیویستووە رووخساری دەربکەوێت ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ 38 هاووڵاتیی دیکەی سووریدا ئەشکەنجە دراوە و واژۆی دیپۆرتکردنەوەی پێکراوە.
 
پەنابەرێکی سووری لە تورکیا دەڵێت، "بە شێوەیەکی گشتی ناتوانم چیدیکە لە تورکیا بژیم. هەر ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس ببینم ترس دامدەگرێت. بە تەکسی دەچمە سەر کار و هەر بە تەکسییش دەگەڕێمەوە ماڵەوە. ئێستا کە ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس دەبینین، وەکو ئەوە وایە کە ئۆتۆمبێلەکانی رژێم لە سووریا ببینین. هەمان ترس لە دەستگیرکردن و هەمان ئەو دۆخەیە کە دەستگیرکراوان لە سووریا تێیدا بوون."
 
هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، لە ئامادەکردنی راپۆرتەکەیدا قسەی لەگەڵ 39 کەس کردووە کە پێشتر لە سەنتەرەکانی راگرتندا بوون. بە گوتەی ئەو کەسانە، بەرپرسە ئەمنییەکان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا دەیان کەسیان بردووەتە سەر سنوور و لەڕێگەی دەروازەکانی بابسەلام و بابل هەوا ئاودیوی سووریایان کردوونەتەوە.
 
رێکخراوەکە داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات، تورکیا وەکو شوێنێکی ناسەلامەت بۆ پەناخوازان بناسێنێت.
 
پەناخوازێکی سووری لە تورکیا گوتی، "داوایان لێکردم واژۆ لەسەر هەندێک دۆکیۆمێنت بکەم کە وەرگێڕدرابوون بۆسەر زمانی عەرەبی. نووسرابوو دۆکیۆمێنتی دیپۆرتکردنەوە بۆ سووریا؛ گوتم نامەوێت بگەڕێمەوە سووریا. رەتمکردەوە و دەمەقاڵی کەوتە نێوانمان. لەو کاتەدا پێنج کەس هاتنە ژوورەوە و نزیکەی کاژێر و نیوێک لێیاندام. لەژێر ئەو گوشارەدا ناچاربووم واژۆ لەسەر دیپۆرتکردنەوەی خۆم بۆ سووریا بکەم."
 
لە حوزەیرانی 2022 ئاژانسی کۆچبەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی 2022دا 15149 پەناخوازی سووری گەڕاونەتەوە یان گەڕێندراونەتەوە وڵاتی خۆیان.
 
سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا سەرەتای ئەم هەفتەیە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 50 هەزار هاووڵاتیی سووری گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان.