پەرلەمانتارێکی یەسەپە: دەرگای دیالۆگمان بۆ پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتیش واڵایە

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد کاماچ، سەرۆکی گشتیی پارتی مرۆڤ و ئازادییەکان و پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) لە بزانەی ئامەد، رۆژی 24-9-2023 میوانی بووڵتەنی کاژێر 15:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و باسی دوایین پلان و گۆڕانکارییەکانی یەسەپەی کرد. 
 
سەبارەت بە کۆنگرەی یەسەپە کە بەگوێرەی پلانەکانی پارتەکە، بڕیارە لە 15-10-2023 ببەسترێت، کاماچ رایگەیاند "ئەم قۆناخەی ئێستا یەسەپە پێیدا تێدەپەڕێت بۆ نوێبوونەوە و پێشکەوتنی زیاتر زۆر گرنگە و، پارتەکەش چالاکانە لەڕێی دیدار، دیالۆگ و راگۆڕینەوە هەنگاوی باش دەنێت."
 
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کۆنگرەش کاماچ گوتی "رۆژی 15ـی تشرینی یەکەم کۆنگرە دەبەسترێت و ناوی یەسەپەش دەگۆڕێت. هاوسەرۆک دیاری دەکرێن. ئەوەی رۆژەڤی گرنگی کۆبوونەوەیە؛ دیالۆگێکی نوێ و سیاسەتێکی نوێیە بۆ یەسەپە. بێگومان ئەمە لە کۆنگرەدا بە تەواوی جێگیر دەبێت."
 
یەسەپە لەکاتێکدا بەرەو کۆنگرە هەنگاو دەنێت، کە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا نزیک دەبێتەوە و بڕیارە رۆژی 31-3-2023 بەڕێوەبچێت. محەممەد کاماچ لەبارەی پلان و ئامادەکاریی یەسەپە و ئەگەری پێکهێنانی هاوپەیمانی گوتی "هەروەک دەزانن؛ لە تورکیا سیاسەت بێ هاوپەیمانیێتی ناکرێت، دۆخێکی وەها لە سیاسەتی تورکیادا دروستبووە. من، پێموایە هاوپەیمانییەکی کوردی بە رێژەیەکی بەرز پێکبهێندرێت. بەتایبەتی ئێمە هەڵوەستە لەسەر هاوپەیمانییەکی بەرفراوان بۆ 31-3-2024 دەکەین."
 
سەبارەت بە ئەگەری پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ ئاکپارتی، ئەو پەرلەمانتارەی یەسەپە گوتی "کاتێک ئێمە دەڵێین دەرگامان واڵایە، ئەمە دەسەڵاتیش دەگرێتەوە، مەبەستمان ئەوە نییە بڵێین دەرگامان تەنیا بۆ ئۆپۆزیسیۆن واڵایە. ئێمە لە سیاسەتدا بیروڕا دەگۆڕینەوە و دیالۆگ دەکەین. هاوکات دەرگا واڵاییمان تەنیا تایبەت نییە بە هەڵبژاردنی شارەوانی، بەڵکو ئەمە بە گشتی رۆژەڤی تورکیا دەگرێتەوە."
 
ئەم دەرگاواڵییەی یەسەپە پرسیاری ئەوە دروستدەکات ''ئایا یەسەپە چ پێوەرێک و چاوەڕوانییەکی هەیە بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ پارت و لایەناکانی دیکە؟''، محەممەد کاماچ لەمبارەیەوە گوتی "خاڵی سەرەکی لای ئێمە مافی کوردە. ئەمە لە رۆژەڤی سەرەکیی ئێمەدایە. سەبارەت پشتگیریکردن یان پشتگیری نەکردنی ئاکپارتی لە هەڵبژاردن، ئێمە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک و بۆچوونێکمان تاوتوێ نەکردووە. کاتێک ئێمە دەڵێین دەرگامان واڵاکردووە، بێگومان مەبەستەکە ئەوەیە لەسەر چەند خاڵێک رێکبکەوین. ئەگەر گەیشتینە رێککەوتن؛ بۆی هەیە پشتگیری یەکدی بکەین یانیش رێکارێک بگرینەبەر. تائێستا هیچ گوتوێژێکی فەرمی لە ئارادا نەبووە."
 
لەکاتێکدا بەشێک لە جەماوەری یەسەپە لە هەڵبژاردنەکەی رابردوودا رەخنەیان لە سیاسەتی پارتەکە گرت بەوەی پشتگیریی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە کردووە، محەممەد کاماچ باسی لەوە کرد، "ئەمجارە رەخنە و ناڕەزایی جەماوەری یەسەپە بە هەند وەرگیراوە و کاری لەسەر کراوە. بێگومان پێویستە ئەو رەخنە و پێشنیازانە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت". 
 
یەسەپە هەمان پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ـیە، کە بەر لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئایاری 2023 ناوەکەی گۆڕی. محەممەد کاماچ هەروەها جەختیکردەوە لەوەی ئەو گۆڕانکارییەی یەسەپە دەیەوێت لە سیاسەتی پارتەکەیدا بیکات، "تەنیا پەیوەندیدار نییە بەم هەڵبژاردنەی شارەوانی، بەڵکو چاوپێداخشاندنە بە 2015 تاوەکو ئەمساڵ". 
 
هەدەپە بەهۆی ئەوەی مەترسیی داخستنی لەلایەن دەسەڵاتەوە لەسەر بوو، لەسەر ناوی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) بەشداری لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 14ـی ئایاری 2023 کرد. یەسەپە 61 کورسیی لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمانی تورکیا بردەوە. لەکاتێکدا هەدەپە ساڵی 2018، توانیبووی 67 کورسی بباتەوە.
 
هەدەپە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریشدا پشتگیریی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت کرد کە لە بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهووردا شکستی هێنا.
 
پارتی چەپی سەوز ساڵی 2012 دامەزراوە و رۆژی 2-4-2016 لەگەڵ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی تورکیا یەکیانگرت. پارتەکە تائێستا چوار کۆنگرەی بەستووە و ئەندامی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراسی (هەدەکە)ـن و رۆڵیان هەبووە لە دامەزراندنی هەدەپە و ئەندامی پارتی سەوزی ئەوروپین.