ئاکشەنەر: پەنابەرانی سووریایی و کۆچبەرانی بەلقان کە تورکی کوڕی تورکن بە یەک چاو سەیر دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی لەکاتی ناساندنی بەربژێری سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیزمیری پارتەکەی، باسی پەنابەرانی سووریایی کرد و جەختیکردەوە کە نابێت بە هەمان چاو لەگەڵ کۆچبەرە تورکەکان سەیربکرێن.
ئیی پارتی کە زووتریش بڕیاری جیابوونەوەی لە هاوپەیمانیی میللەت دابوو، رۆژی 20-9-2023 لە ئیزمیر کۆبوونەوەیەکی گەورەی رێکخست و مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی پارتەکە گوتارێکی پێشکێشکرد و ئومیت ئۆزلالەی وەکو بەربژێری ئیی پارتی بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی ئیزمیر ناساند.
ئاکشەنەر لە بەشێکی گوتارەکەیدا خۆی بە رۆڵەی سوڵتانی عوسمانی؛ محەممەد فاتیح ناساند و هاوکات باسی لەوە کرد کە ئەو هاوشارییە لەگەڵ مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەر و یەکەمین سەرۆککۆماری تورکیا.
ئاکشەنەر لەبارەی پەنابەرانی سووریایی رەخنەی لە حکومەت گرت و گوتی:" لەگەڵ ئەو پەنابەرانەی لە تورکیان کە لە بری بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان رایانکردووە، لەگەڵ پەنابەرانی سووریایی بە یەک چاو سەیر دەکرێن.. کەسانێک هەن ئەمە دەکەن. لە تورکیایەکداین ئەو کۆچبەرانەی ریشەیان بۆ بەلقان دەگەڕێتەوە و پێیان دەڵێین برا و تورکی کوڕی تورکن، لەگەڵ پەنابەرانی سووریایی و ئەفغانی بە هەمان چاو سەیر دەکرێن، من لێرەم بۆ ئەوەی رەخنە لەمە بگرم."
یەکێک لە ئامانجەکانی ئاکشەنەر لەو کۆبوونەوەیەدا دەستنیشانکردنی بەربژێری پارتەکەی بوو بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیارە ئاداری 2024 بەڕێوەبچێت. ئەو لەکاتی ناساندنی ئومیت ئۆزلالە وەکو بەربژێر ۆ پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیزمیر، گوتی: "بەربژێرەکەمان بۆ ئیزمیر زۆر باش دەبێت. ئیزمیر لە بۆنی ناخۆش رزگار دەکات، ئیزمیر لە پەنابەران رزگار دەکات. ئەو نەیگوتووە بەڵام با من بیڵێم؛ با هیچ کەسێک بە فاشیست بوون تۆمەتبارمان نەکات! بەڵام لە ئیزمیر هیچ هاوکارییەکی زیادە و داسکانێک لەڕێی شارەوانییەوە ناکرێت."
ئەم گوتانەی ئاکشەنەر لە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی بووەتە رۆژەڤ و کاردانەوەی شەقامی بەدوای خۆیدا هێناوە. زۆربەی ئەو کۆمێنتانەی لە وڵاتانی عەرەبیەوە نووسراون ئاکشەنەر بە سیاسەتڤانێکی فاشیست و نەژادپەرست ناودەبەن.
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی وەزارەتی نێوخۆی تورکیا کە 14-9-2023 نوێکراوەتەوە، ژمارەی پەنابەرانی تۆمارکراوی سووریایی لە باکووری کوردستان و تورکیادا 3 ملیۆن و 288 هەزار و 755 کەسە. بەگوێرەی راپۆرتەکە ژمارەی پەنابەرانی تۆمارکراوی سووریایی لە تورکیا بەراورد بە 1-1-2023 کەمبووەتەوە و لەوکاتەوە 247 هەزار و 143 پەنابەری سووری لە تۆمارەکان سڕاونەتەوە.