ئیبراهیم تاتڵیسەس دوای 12 ساڵ کۆنسێرت دەکات

24-09-2021
هێمن عەساف
دیمەنێک لە کۆنسێرتەکەی ئیبراهیم تاتڵیسەس. وێنە: AA
دیمەنێک لە کۆنسێرتەکەی ئیبراهیم تاتڵیسەس. وێنە: AA
نیشانەکردن ئیبراهیم تاتڵیسەس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای چەندین ساڵ لە دوورکەوتنەوە لە سەکۆی گۆرانی گوتن، ئیبراهیم تاتڵیسەس دووبارە بە هەوادارانی شادبووەوە.
 
ئیبراهیم تاتڵیسەس، کە نازناوى "ئیمپراتۆری" لێنراوە، دوای دابڕان بۆ ماوەی 12 ساڵ، لە چوارچێوەی " کۆنسێرتە کراوەکانی پاراف کوروچەشمە" کۆنسێرتێکی پێشکێش کرد.
 
کۆنسێرتەکە، کە لەلایەن Poll Production رێکخرابوو، دیکۆرێکی تایبەتیان بۆ تاتڵیسەس ئامادەکرد و ئۆرکێسترایەکی گەورەش لە پشتيەوە ئامادە بوو.
 
تاتڵیسەس، لەگەڵ سەرکەوتنی بۆسەر سەکۆی کۆنسێرتەکە، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کۆنسێرتە وەکو بردنەوەى یارییەکی بەخت وابووە بۆی و گوتی، "ئەگەر خودا گوتی: بەندەکەم بڕۆ کەس ناتوانێت بڵێ بوەستە؛ هەموو شتێک لە خوداوە دێت. ئێوەم خۆشدەوێت، رێزتان لێدەگرم. دڵخۆشم".
 
تاتڵیسەس، تاوەکو نیوە شەو لەسەر سەکۆی کۆنسێرتەکە مایەوە کە لە دوو بەش پێکهاتبوو، ئەوەی راگەیاند کە دەتوانێت تاوەکو بەیانی گۆرانی بڵێت.
 
تاتڵیسەس، گۆرانییەکانی، "هایدی سۆیلە"، "بەبەيیم"، "کاڤور باڵکلاری"، "ئێولەرین ئۆنوندە بۆیاڵی دیرەک"، "یاڵنزم" و "نە سێڤدالار یاشادم" و چەندین گۆرانیی پێشکێشی ئامادەبووان کرد.
 
کۆنسێرتەکەی تاتڵیسەس، کە بووە جێگەی بایەخی زۆربەی میوزیکدۆستان، هەریەک لە هونەرمەندان شەفەک سێزەر، گۆرانیبێژ گولبەن ئەرگەن و دیلان چتاکی کچی تاتڵیسەس و چەندین کەسی دیکەی جیهانی هونەر و میوزیک ئامادەیبوون.
 
بلیتی کۆنسێرتەکەی ئیبراهیم تاتڵیسەس، چەند رۆژێک پێش ئێستا تەواو بووە. لە رۆژانی 24 و 25ی ئەیلوولیش کۆنسێرتی کراوەی کوروچەشمەش بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە