رووداو - هەولێر
ئالان کوردی، ئەو منداڵە کوردە تەمەن سێ ساڵەی پێش چوار ساڵ لە کەناراوەکانی تورکیا تەرمەکەی بە خنکاوی دۆزرایەوە و، وێنەکەی جیهانی هەژاند، پێدەچێت هێشتا لەبیری ئەردۆغان دەرنەچووبێت، چونکە ئەمڕۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان وێنەکەی بەرزکردەوە و گوتی "بەداخەوە، جیهان زۆر زوو لەبیری کرد".
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ لە 74ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە دۆخی پەنابەران کرد لە وڵاتەکەی و گوتی "ئێمە، تەنیا داڵدەی پەنابەران نادەین، بەڵکو لە سەرووی هەموویانە پەروەردە و تەندروستی و هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکیان بۆ دابیندەکەین. زۆر بەداخەوە جیهان بە خێرایی ملیۆنان ستەمدیدەی بیرچووەوە کە لەپێناوی رزگارکردنی گیانیان، رێگەی تاریکی ئاویی دەریای ناوەڕاستیان گرتەبەر، یان رێگەی تەلبەندە سنوورییەکان. بەتایبەتیش هەروەک دەبینن جیهان زۆر زوو ئالانی کۆرپەی لەبیرچوو".
هەر لەبارەی چارەنووسی ئەو ئەو کۆچبەرانەی رۆژانە رۆژانە رێگەی قاچاخی ئاوی دەگرنەبەر بۆ گەیشتن بەو وڵاتانەی مەبەستیانە، ئەردۆغان گوتی "لەبیرتان نەچێ، رۆژێک دێت بە هەمان شێوە دەکرێ ئێوە لە شوێنی ئەودا بن، چونکە ئالانەکان یەک دانە نین، بەڵکو هەزاران و ملیۆنانن. بۆیە دەبێ بەرامبەر هەموو ئەو دۆخانە رێوشوێن بگرینەبەر".
ئالان کوردی، ئەو منداڵە کوردە تەمەن سێ ساڵە بوو کە لە 2ـی سێپتێمبەری 2015 لە کەنارە ئاوییەکانی تورکیا تەرمەکەی بە خنکاوی دۆزرایەوە. بڵاوبوونەوەی وێنەکەشی بە خنکاوی جیهانی هەژاند و ئەو کات بووە مانشێتی زۆربەی میدیا جیهانی و ناوخۆییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ