سەرۆکی هوداپار: بە هەر شێوەیەک بێت پێویستە خوێنڕشتن لە سووریا بوەستێندرێت

24-08-2022
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی دۆزی ئازاد (هودا پار) لەبارەی شەڕی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، بە هەر شێوەیەک بێت پێویستە خوێنڕشتن بوەستێندرێت. هەروەها دەڵێت، ئەگەر وەستاندنی خوێنڕشتن پێویستی بە کۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت هەبێت ئەوە نابێت خۆی لێ بەدوور بگرن.
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی پارتی دۆزی ئازاد (هودا پار) لە پارێزگاى كركلاره‌لی لە باكووری رۆژئاوای توركیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت بە خێرا ئاگربەستێک لە سووریا رابگەیێندرێت.
 
سەرۆکی گشتیی هوداپار ئەوەی خستەڕوو دەبێت شەڕی ناوخۆ کۆتایی پێبێت و دەستوور و سیستەمێکی نوێ لە سووریا هەبێت و رایگەیاند بۆ دەستپێکردنی سیستەمێکی نوێ دەیانەوێت پرۆسەیەکی نوێ دەستپێبکات.
 
یاپیجیئۆغڵو بە ئاماژەدان بە شەڕی 12 ساڵەی سووریا گوتی: "ئەگەر حکومەتێک لە ئەوەندە ساڵە لە شەڕی ناوخۆ هێشتا بەپێوەبێت، پێویستە لەوە تێبگەین کە ئەم حکومەتە لانیکەم بە چەک یان بە بەرگریکردنی چەکداریی ناڕووخێندرێت. بەڵێ رژێمێک و سیستەمێک هەیە کە نادادپەروەری بەرامبەر گەلەکەی دەکات و ستەمیان لێدەکات. بەڵام ئەمە لە رێگەی شەڕی ناوخۆوە دوورناخرێتەوە. لە سەرەتاوە ئەمەمان گوت و ئێستاش هەمان شت دووپات دەکەینەوە". 
 
سەبارەت بە گفتوگۆی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و سووریا و هەوڵەکانی تورکیا لەو بارەیەوە، سەرۆکی هوداپار گوتی: "بە هەر شێوەیەک بێت پێویستە خوێنڕشتن بوەستێندرێت. پێمانوایە ئەگەر وەستاندنی خوێنڕشتن پێویستی بە کۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت هەبێت ئەوە نابێت خۆیان لێ بەدوور بگرن".
 
هەر ئەمڕۆ مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە لە ئەنقەرە، لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی سووریا کۆبووەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە