ساڵێک بەسەر گۆڕینی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت تێدەپەڕێت


رووداو دیجیتاڵ 
 
ئەمڕۆ ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر گۆڕینی ئایاسۆفیا، کەنیسە دێرینەکەی ئیستەنبووڵ لە مۆزەخانەوە بۆ مزگەوت کە لە ساڵی 1985 ـەوە خراوەتە لیستی میراتی کولتووریی یونسکۆ.
 
دوای نزیکەی 86 ساڵ، رۆژی 24ی تەمموزی 2020 بە ئامادەبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، یەکەم نوێژی هەینی لە مزگەوتی ئایاسۆفیا کرا، هەنگاوەکەی تورکیا کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
 
کۆمیتەی میراتی کولتووریی یونسکۆ هۆشداری دەدات بە تورکیا و داوا دەکات تا 1ـی شوباتی 2022 راپۆرتێک لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانە پێشکەش بە کۆمیتەکەیان بکەن کە لە مزگەوتی ئایاسۆفیا و مزگەوتی کاریە ئەنجامیانداون.
 
عەلی ئەرباش، سەرۆکی کاروباری ئایینیی تورکیا دەڵێت، "نوێژکردن بە دەنگی منداڵەوە لە ئایاسۆفیاکەمان زۆر خۆشە، باشە. پشت بە خودا لە هەر کاتێكی نوێژدا دەنگی منداڵ دەبێت، بۆ دراوسێکانتانی باس بکەن، مزگەوتەکانمان، جەماعەتەکەمان بێ گەنج و منداڵ نەبن."
 
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چەندین وڵات رەخنەیان لە بڕیارەکە گرت و لە ناوخۆی تورکیاش ژمارەیەک لە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەو هەنگاوەی دەسەڵاتیان رەتکردەوە و بە دروستکردنی ئاژاوە ناویان برد، بەڵام گۆڕینی ئایاسۆفیا بۆ مزگەوت جۆشوخرۆشی بە زۆربەی موسڵمانانی تورکیا دا.
 
محەممەد ئەکەن، هاووڵاتیی تورکیایە، دەڵێت، "لە ئەڵمانیاوە هاتووین. خەڵکی کۆنیام. لەگەڵ هاوژینەکەم هاتووم بۆ سەردانی ئێرە. ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕوانی کردنەوەی ئەم مزگەوتە بووین، باش بوو ساڵێک بەر لە ئێستا کرایەوە. ئەمساڵیش لە ساڵڕۆژی کردنەوەیدا لێرە نوێژمان کرد."
 
کەنیسە دێرینەکەی ئایاسۆفیا ساڵی 532ی زایینی لەلایەن بێزەنتینییەکانەوە دروستکرا. لە ساڵی 1453 لەلایەن عوسمانییەکانەوە کرا بە مزگەوت و ساڵی 1935 بە واژۆی مستەفا کەمال ئەتاتورک گۆڕا بۆ مۆزەخانە. دوای نزیکەی 86 ساڵ دووبارە وەکو مزگەوت دەرگاکانی واڵاکران.
 
دوای تیپەڕبوونی یەک مانگ، هاوشێوەی ئایاسۆفیا هەر لە ئیستەنبووڵ مۆزەخانەی کاریەش گۆڕدرا بۆ مزگەوت کە لە بنەڕەتدا کەنیسەیەکی ئۆرسەدۆکسی مەسیحی بوو.