مەرال ئاکشەنەر بە سەرۆکی ئیی پارتی هەڵبژێردرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە سێیەمین کۆنگرەی ئاسایی ئیی پارتیدا کە ئەمڕۆ بەسترا، مەرال ئاکشەنەری دامەزرێنەر، تاکە بەربژێر بوو و بە سەرۆکی گشتیی پارتەکە هەڵبژێردرایەوە.
 
سێیەمین کۆنگرەی ئیی پارتی لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و لە گوتارێکدا ئاکشەنەر جەختی لەسەر چەندین تەوەری تایبەت بە نێوخۆی پارتەکە و تورکیا کردەوە. 
 
ئاکشەنەر باسی لە سەردەمی دامەزراندنی ئیی پارتی کرد و گوتی "ئێمە، بۆ ئەوەی پارتەکەمان بڕواتە نێو پەرلەمان، داوای 15 پەرلەمانتارمان لە پارتی گەلی کۆماری کرد. ئەمە گەورەترین پەشیمانیی ژیانمە. دەبوو بجەنگین و بە دەست و مستی خۆمان بڕۆینە هەڵبژاردن، ئەگەر نەمانتوانی دەبوو هەنگاوی پێویست بنێین. بەڵام نەجەنگاین! داوای 15 پەرلەمانتارمان کرد. لێرەوە جارێکی دیکە سوپاسی بەڕێز کڵچدارئۆغڵو دەکەم. بەڵام لەو رۆژەوە نەمانتوانی باجی ئەو 15 پەرلەمانتارە بدەین".
 
لەبارەی پێکهێنانی مێزی شەشقۆڵی کە لە هەڵبژاردنەکەی 14-5-2023ـدا بەرامبەر دەسەڵات شکتی هێنا، ئاکشەنەر رایگەیاند، کۆکردنەوەی ئەو بۆچوون و رەنگە جیاوازانە، تێڕوانینی نەرێنیی خەڵکی گۆڕی. 
 
ئاکشەنەر نیگەرانیشی لە نیشاندانی هەدەپە وەکو هێزی یەکلاکەرەوە نیشاندا.
 
مەرال ئاکشەنەر سەبارەت بە پێکهێنانی هاوپەیمانیی میللەت لەگەڵ جەهەپە و هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ساڵی 2019 گوتی "چووینە لای بەڕێز کڵچدارئۆغڵو و بڕیارماندا بەیەکەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیدا بکەین. لە ئەنجامدا سەرکەوتن بەدیهات. دەزانن ئەوەی بە زۆرترین رادە نیگەرانی کردم و کاریگەریی لەسەر دروستکردم چی بوو؟ دەگوترا هەدەپە وایکرد شارەوانیی ئیستەنبووڵ ببەینەوە نەک ئیی پارتی، شارەوانیی ئەم و شارەوانیی ئەو، هەدەپە وایکرد بیبەینەوە. جگە لە ئێمە هەمووان رۆڵیان لە بردنەوەدا هەبووە".
 
ئاکشەنەر رایگەیاند، لەو رۆژەوە روون بووەوە، کە ئیی پارتی جگە لە دەسەڵات، لەلایەن بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنیشەوە دژایەتی دەکرێت. 
 
ئاکشەنەر لە دۆخێکی تەواو دەمارگیرانە باسی لە دۆخی نێوخۆی ئیی پارتی کرد و چەندین جار وشەی "بێڕێزینە، بێ رەوشتینە"ـی بەکارهێنا، هەروەها بە تووندی بەرپەرچی دەنگە ناڕازییەکانی نێو پارتەکەی دایەوە و رایگەیاند، پلە و پۆستی حیزبی دیارە و، ناکرێت هەمووان لووتکەیان بووێت. هەروەها گوتی، هەموو ئەوانەی بۆ دەوڵەمەندبوون لە پارتەکەیدان، ئەوەتا دەرگە و با بڕۆنە دەرەوە! ئاکشەنەر رووی لە ئامادەبووان کرد و گوتی "ئەمڕۆ رۆژی لێپرسینەوەیە. لێپرسینەوە لەگەڵ مندا بکەن و منیش لێپرسینەوە لەگەڵ ئێوەدا دەکەم".
 
ئاکشەنەر بۆ مێزی شەشقۆڵی: لەمەودوا هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم
 
سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی لەبارەی ئەو شکستەیان بەرامبەر ئاکپارتی و هاوپەیمانانی باسی لەوە کرد، بەشێک لە 'ئەنجوومەنی ریشسپییەکان' سەرەتا هێرشیان کردە سەر کڵچدارئۆغڵو و دواتریش هێرشیان کردە سەر ئیی پارتی و سەرۆکەکەی. گوتیشی "گوایە ئێمە کارمان نەکردووە بۆیە شکستمان هێناوە. ئێمە لە 45 پارێزگادا کە لە زۆربەیان بەڕێز مەنسوور یاڤاش لەگەڵمدا بوو، تەنیا بە داوەتکردنی دەنگدەرانی خۆمان و بێ ئەوەی یەک دەنگدەری جەهەپە داوەت بکەین، کۆبوونەوەی جەماوەریمان سازکردووە. لە 54 شوێندا کارمان کرد. هەروەها پەرلەمانتارانمان بە بانگەوازی دەنگێک بۆ مەراڵ و دەنگێک بۆ کەمال، داوای دەنگی خەڵکیان کرد. من دەزانم ئێوە دەتانەوێ بابەتەکە هاوسەنگ بکەنەوە، تێدەگەم لەوەی دەترسن. هەروەک ئەوەی دەتانگوت هەدەپە هۆکاری بردنەوەمان بوو لە ئیستەنبووڵ. باشە، لەمەودوا هیوای سەرکەوتنتان لە ژیان بۆ دەخوازم". 
 
ئاکشەنەر بە ئەندام و بەرپرسانی پارتەکەی گوت، لەمەودوا دەبێت لەگەڵ ئاراستەی پارتەکەی، خۆیان بگونجێنن، ئەوانەی ناڕازیشن ئەوەتا دەرگە و با بڕۆنە دەرەوە.
 
رۆژی 25ـی تشرینی یەکەمی 2017 دامەزرانی ئیی پارتی لەلایەن مەراڵ ئاکشەنەر راگەیێنرا و هەر خۆشی تاوەکو ئێستا سەرۆکی گشتییە. ئیی پارتی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 2018ـدا 9.69٪ـی دەنگەکانی بردەوە و 43 کورسیی پەرلەمانی تورکیای بەدەستهێنا. هەروەها لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 14-5-2023ـدا 9.6٪ـی دەنگەکانی بردەوە و 43 کورسیی لە پەرلەمان بەدەستهێنا. 
 
بایۆگرافیای مەراڵ ئاکشەنەر:
 
رۆژی 18-7-1956 لە پارێزگەی ئیزمیر لەدایکبووە
بڕوانامەی دکتۆرای لە مێژوودا هەیە
رۆژی 3-11-1996 بووە وەزیری ناوخۆی تورکیا
رۆژی 2-11-2001 پەیوەندیی بە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کرد
رۆژی 8-9-2016 بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار لە مەهەپە دەرکرا
رۆژی 25-10-2017 ئیی پارتیی دامەزراند
ساڵی 2018 بەربژێری پۆستی سەرۆککۆمار بوو و 7.29٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا
رۆژی 24-6-2023 لە سێیەم کۆنگرەدا بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوە