رووداو - هەولێر
لە چوارەم رۆژی سووتانی دارستانەکانی ناوچەی گەشتیاریی مارماریس لە پارێزگای موغڵای تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە نزیک شوێنی کەوتنەوەی ئاگرەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا و رایگەیاند، زیاتر لە چوار هەزار هێکتار زەویی دارستانەکان سووتاوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ هەینی 24-6-2022 رایگەیاند، ئاگری دارستانەکانی ناوچەی داڵامان و فەتحیە بەتەواوەتی کۆنترۆڵکراوە و ئاگری دارستانی یەدی ئاداش نزیکە لەوەی کۆنترۆڵ بکرێت.
ئەردۆغان گوتی، هەزار و 169 ئۆتۆمبێل و 15 فڕۆکە و 46 هێلیکۆپتەر و چوار هەزار و 587 کارمەند لە هەوڵدان بۆ دامرکاندنەوەی ئاگرەکە و ئاماژەی بەوەشکرد، ئازەربایجان فڕۆکەیەک و قەتەر بە سێ فڕۆکە لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەشدارن.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: "هەریەکە لە رۆمانیا و ئیسرائیل داوایان لێکردووین فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە بنێرن بۆ هاوکاریکردنمان؛ بەسوپاسەوە پێمان راگەیاندوون کار نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە و ئەگەر پێویست بکات داوای هاوکارییان لێدەکەین".
لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانەوە، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، 41 کەس برینداربوون و تووشی تەنگەنەفەسی بوون، ئەوەش بەهۆی دووکەڵەوە، بەڵام چارەسەری پزیشکییان بۆ کراوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە شوێنی نزیک لە کەوتنەوەی ئاگرەکە 41 ئەمبووڵانس ئامادەن و بنکەی تەندروستیی گەڕۆک دانراوە.
ئەردۆغان گوتی، پرۆژە یاسایەک پێشکێشی پەرلەمان دەکەن بۆ سزادانی هەر کەسێک بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ هۆکار بێت لە سووتاندنی دارستانەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ