دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا: ئیمامئۆغڵو براوەیە

24-06-2019
عەلی زەڵمی
نیشانەکردن تورکیا ئیمامئۆغڵو
A+ A-

رووداو - هەولێر 

دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا رایگەیاند، ئیمامئۆغڵو براوەی هەڵبژاردنی ئیستەنبووڵە و بەوەش ئۆپۆزسیۆنی تورکیا سەرکەوتنێکی کاریگەری بەدەستهێنا.

بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو نزیکەی 55%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و ئەمەش واتای ئەوەیە، دەنگەکانی بەراورد بە هەڵبژاردنی 31ـی ئادار زیادیانکردووە. 

سەعدی گوڤەن، سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند "ژمارەکان لە دوێنێوە بە رێژەی 100% لە سیستەمدا تۆمارکراون، ژمارەی دەنگدەری تۆمارکراو 10 ملیۆن و 560 هەزار و 963 کەسە، ئەوانەی دەنگیانداوە هەشت ملیۆن و 925 هەزار و 63 کەسن، لەو ژمارەیەش هەشت ملیۆن و 746 هەزار و 464 دەنگی پەسندکراو و 178 هەزار و 599 دەنگیش پوچەڵن، رێژەی بەشداربوونی خەڵک لە 84.5 % بووە".

لەبارەی بەربژێرەکانیش رایگەیاند "ئەکرەم ئیمامئۆغڵو چوار ملیۆن و 741 هەزار و 868 دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە 54.21% و لە بەرامبەردا بینالی یڵدرم سێ ملیۆن و 935 هەزار و 453 دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە 44.99% ـی دەنگەکان".

دوای ئەوەی ئاکپارتی رایگەیاند، لە هەڵبژاردنەکەی 31ـی ئاداردا ساختەکاری گەورە لە بەرژەوەندی بەربژێرەکەی هاوپەیمانیی میللەتدا کراوە، دوێنێ دەنگدانەکە دووبارە کرایەوە و دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە، دەیان هەزار کەس لە دەنگدەرانی ئۆپۆزسیۆن ئاهەنگیان گێڕا و ئیمامئۆغڵوش سەرکەوتنی خۆی بە هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسی لە وڵاتەکەیدا ناوبرد. 

ئەکرەم ئیمامۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت گوتی "ئێوە شکۆی دیموکراسی تورکیاتان پاراست، ئەوەش کاتێک تەواوی جیهان سەیریان دەکرد، ئێوە نەریتی دیموکراسیتان پاراست کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 100 ساڵ دەگەڕێتەوە. سوپاس، ئیستەنبووڵ". 

لە ساڵی 2002ـەوە ئاکپارتی دەسەڵاتداری تورکیایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرەتا سەرۆکوەزیران بوو و دواتریش بووە سەرۆککۆمار. 

لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا ئاکپارتی لەلایەن خەڵکێکی زۆرەوە پاڵپشتی لێکراوە، بەڵام قەیرانی دارایی، گۆڕانی سیاسەتی بەرامبەر بە پرسی کورد و هەندێک لە رێکارەکانی دوای کودەتا شکستخواردووەکەی تەمموزی 2016 نیگەرانی لای دەنگدەران دروستکرد. 

بەپێی رای شرۆڤەکاران، ئەو ئەنجامە دەکرێت ببێتە هۆی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە سیاسەتی تورکیادا، چونکە ئێستا سێ شارە گەورەکە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بەڕێوەدەبرێن.

سینان ئوڵگن، شرۆڤەکار لە ناوەندی کارنیگی و دیبلۆماتکاری پێشووی تورکیا دەڵێت "بەدڵنیاییەوە ئەمە کاریگەری لەسەر داهاتووی سیاسەتی تورکیا دەبێت، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە ئاماژەیەکی هۆشیارکردنەوەیە بۆ ئاکپارتی". 

ئەمە لەکاتێکدایە هێشتا هیچ هەنگاوێکی ئاکپارتی دوای هەڵبژاردنەکە نەبیندراوە، بەڵام قسە لە سەر گۆڕانکاری لە کابینە و سیاسەتی دەرەوە و تەنانەت ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانیی دەکرێت. 

داڕشتنەوە؛ بڕوا کیانی

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە