فراکسیۆنی هەدەپە: دەتوانین کێشەی کورد لەڕێی دانوستاندن و گفتوگۆوە چارەسەر بکەین

24-04-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە رایگەیاند، دوای 103 ساڵ تورکیایەک دەبینین کە "بەهەڵە و خراپی" بەڕێوەدەبردرێت.
 
لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیادا رۆژی یەکشەممە 23-4-2023 کە ساڵڕۆژی کردنەوەی پەرلەمانی تورکیا بوو، ساروهان ئۆڵوچ بە کارنامەیەکی تایبەت بە بۆنەی 103یەمین ساڵەی کردنەوەی پەرلەمانی تورکیا لە هەمان کاتدا بەبۆنەی یادی رۆژی منداڵان، گوتی: "لەم رۆژەدا کە بەهەمان شێوە یادی رۆژی منداڵان دەکەینەوە، پێویستە ئاماژە بەوە بدەم ملیۆنان منداڵ رووبەڕووی کێشەی زۆر جیددی دەبنەوە. وەک خستنە سەر کار لە تەمەنێکی بچووکدا یاخود گیانلەدەستدان و رەشبوونی ئایندەیان بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە. بەڵام سەدەی نوێی تورکیا دەبێت بە جەژن بۆ ئەو منداڵانە و ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین ژیانێکی خۆشگوزەران و ئاسوودەیان بۆ فەراهەم بکەین." 
 
بەشێک لە گوتەکانی ئۆڵوچ تایبەت بە پرسی کورد بوو و گوتی: "ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە کە نەتوانین لەڕێی دانوستان و گفتوگۆ چارەسەری نەکەین، بەتایبەتی کێشەی کورد. مافی هەر تاکێکی ئەم وڵاتەیە بە ئارامی و ئاسوودەیی بژیت. لە سەدەی یەکەمی کۆمار چەندەها کێشە و قەیران سەریان هەڵدا، بەڵام سەدەی دووەم سەدەی چارەسەری دەبێت." 
 
ئۆڵوچ راشیگەیاند، دیموکراسی لەژێر گوشاری قورسدایە و بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان پشتگوێ خراوە و لە بری یەکێتیی هێزەکان، هەموو دەسەڵاتەکان لە چواردەوری یەک کەسدا کۆبوونەتەوە. هەروەها رایگەیاند کە سیستمی سەرۆکایەتی پێی ناوەتە شەشەمین ساڵی تەمەنییەوە و تاوەکو ئێستا جگە لە "خۆدەرخستنی دەسەڵاتداران"، هیچی دیکەی پێشکێش نەکردووە.
 
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە سەبارەت بە ئایندەی تورکیا و گۆڕانکارییەکان گوتی: "بەو پێیەی ئەم حکومەتە شکست بە پرۆسەیەکی دیموکراسی نابینێت، هێزێکی تووڕە و شەڕانگێزی لێ دروستدەبێت. ئەوەی تورکیا پێویستی پێیەتی، بە دیموکراسیکردنی کۆمارە. پێویستە سیاسەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی بە دیموکراسیکردن بەهێز بکرێن، بۆ ئەوەی قەیرانی ئێستای رژێم قووڵ نەبێتەوه و گەشە نەکات، ئێمە ناتوانین بە ململانێ و تووندوتیژی هیچ کام لە کێشەکانی تورکیا چارەسەر بکەین." 
 
رۆژی 14-5-2023 گەلانی تورکیا بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمان دەرۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. ئێستا دوو هاوپەیمانی لە تورکیادا رکابەرن؛ هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێکیدەهێنن، لەگەڵ هاوپەیمانیی میللەت کە شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی لەخۆگرتووە و جەهەپە رابەرایەتییان دەکات.
 
بەشی هەرەزۆری راپرسییەکان بە شێوەیەکی تێکڕا باس لە بوونی رکابەرییەکی تووند لە نێوان ئەو دوو هاوپەیمانییە دەکەن. هەدەپە کە ساڵی 2018 لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تورکیادا 11.7٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، لە دەرەوەی ئەو دوو هاوپەیمانییەیە و لەسەر لیست و لۆگۆی یەسەپە بەشداری لە هەڵبژاردنەکەی 14-5-2023 دەکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە