ئەردۆغان: دابەشکردنی پەشمەک لە جەژنی نەورۆزدا جەهەپەی ناڕەحەت کردووە

رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی کابینەی کۆماریی وڵاتەکەی، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 24-3-2025 گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا باسی لە جەژنی نەورۆز کرد. پەیامێکی بۆ جەهەپە نارد و گوتی، پەشمەک لە جەژنی نەورۆز نیگەرانیان دەکات.
لەکاتێکدا ئەم ساڵ حکومەتی تورکیا هیچ ئاستەنگێکی لەبەردەم ئاهەنگ و چالاکییەکانی نەورۆز دروستنەکرد، ئەردۆغان رایگەیاند، "هەفتەی رابردوو نەورۆزمان بە جۆش و خرۆشەوە پیرۆز کرد کە جەژنی مژدەدەری بەهار و بەرەکەتە. بەراورد بە ساڵانی رابردوو نەورۆزێکی ئارامترمان تێپەڕاند".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها ئارەزووی خواست، نەورۆز وەکو سیمبوڵی "برایەتیی گەلانی تورکیا و جەژنێکی فەرمیی پیرۆزبکرێت" و گوتی: "لە لووتکەی داهاتوودا پێشنیاز دەکەین نەورۆز وەکو یادی هاوبەش و رۆژی پیرۆزبایی جیهانیی تورک پەسند بکرێت".
لە ئاهەنگەکانی ئەم ساڵی نەورۆزدا زیاتر لە ساڵانی پێشوو ئاڵای کوردستان دەشەکایەوە. ئەمە وایکرد بەشێک لە بەرپرسانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ناڕەزایی نیشان بدەن و رەخنە لە ئاکپارتی بگرن.
تەنانەت مەنسور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە کە جەهەپەییە رۆژی 22-3-2025 سووکایەتیی بە ئاڵای کوردستان کرد و بە "پەڕۆ" ناوی برد. هاوکات یاڤاش گوتی: "لە شوێنێکی رۆژهەڵاتی وڵاتدا ئەو ئاڵایە دەشەکایەوە کە پێم وایە پەڕۆیە، هەروەها پۆلیس پەشمەکی بەسەر بەشداربووانی چالاکییەکەدا دابەش دەکرد، ئێمە چاوەڕێ دەکەین لێرەش هێزەکانی ئاسایش پەشمەک بەسەر گەنجاندا دابەش بکەن".
ئەردۆغان: مانادارە کە ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئەم ساڵ بێ گرژی بەرێوەچوون
ئەردۆغان خۆشحاڵیی نیشاندا بەوەی ئاهەنگەکانی نەورۆز بە ئارامی بەڕێوەچوون و بێ کێشە بوون، هەروەها گوتی: "سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ چەند دیمەنێکی ئاهەنگەکانی نەورۆز نین، بەڵام ئەمە مانادارە کە ئاهەنگەکانی ئەم ساڵ بێ گرژی بەڕێوەچوون. پۆلیسێکمان لە گیرفانی خۆی پەشمەکی بۆ هاووڵاتییەکی نیڤشکانمان کڕیوە و بەسەر منداڵاندا دابەشی کردووە، ئەمە لەلایەن بەرپرسانی ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی بووەتە جێی رەخنە. [جەهەپە] کێشەیان لەگەڵ ئەوە نییە حەوشی مزگەوتی میژوویی بکرێتە مەیخانە، بەڵام دابەشکردنی پەشمەک لە جەژنی نەورۆز ناڕەحەتیان دەکات".
وەزیری نێوخۆ سوپاسی ئەو دوو پۆلیسەی کرد
ئەمانە لەکاتێکدان هەر رۆژی دووشەممە، 24-3-2025 عەلی یەرلیکایا، وەزیری نێوخۆی تورکیاش سەبارەت بە دابەشکردنی پەشمەک لە شارۆچکەی جزیر پەیامێکی لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "ئەو هاوکارییەی دوو پۆلیسمان بە ناوەکانی سینان بایدی و عەلی تەڵحە باڵباڵ لە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە جزیر بەرامبەر پەشمەکفرۆشێکی نیڤشکان بەناوی بارش کردیان، هەستی هەموومانی جووڵاند. تەواوی پەشمەکەکانیان لێ کڕی و بەسەر منداڵانی ئەوێدا دابەشیان کرد".
وەزیری نێوخۆ لە پەیامەکەیدا رووی قسەکانی لەو دوو پۆلیسەی شرنەخ دەکات و دەڵێت: "سینان و عەلی تەڵحەی برام، شانازیتان پێوەدەکەم. ئێوە بەم کارەی کردتان هاوکات لەگەڵ ئەوەی دڵی بارشتان خۆش کرد، جارێکی دیکە رەسەنیەتیی و ویژدانی پۆلیستان نیشاندایەوە. لە دڵەوە پیرۆزباییتان لێ دەکەم".
ئەردۆغان: دڵنیام ئەو دووفاقییە لەلایەن براکوردەکانمانەوە وەکو تێبینی وەرگیراوە
لەکاتێکدا سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە لە هەڵبژاردنی شارەوانیی 2019 و 2024 دا لەلایەن کوردەوە پشتگیری کرا، بەڵام سووکایەتیی بە ئاڵای کوردستان کرد، ناڕەزایی لەلایەن کوردەوە لە دژی ئەو بەردەوامە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان رەخنەی لە مەنسور یاڤاش گرت و گوتی، کە رۆژانێک سواڵی دەنگی دەکرد و ئێستاش هەڵوێستی دژی کورد نیشان دەدات. هەروەها گوتی: "دڵنیام ئەو دووفاقییە لەلایەن براکوردەکانمانەوە وەکو تێبینی وەرگیراوە. ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی (جەهەپە) کێشەیان لەگەڵ ئەوە نییە ماڵی خەڵک زیانی بەر بکەوێت و کاسبکار زەرە بکات، یانیش حەوشی مزگەوتی مێژوویی بکرێتە مەیخانە، بەڵام دابەشکردنی پەشمەک لە جەژنی نەورۆز ناڕەحەتیان دەکات".
ئەردۆغان هەروەها سەبارەت بەو پرۆسەیەی ئێستا لە ئارادایە گوتی: "سەرەڕای هەموو شتێک، ئێمە پێداگرین لەسەر رزگارکردنی گەلەکەمان لە بەڵای تیرۆر. بێ گوێدانە دووبەرەکی، لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لەسەر ئەوەی نەورۆز بکەینە هۆکارێک بۆ ئەوەی 85 ملیۆن باوەش بەیەکدیدا بکەن".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها باسی لە دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کرد و بە گەندەڵ و بەرتیلخۆر ناوی برد. هاوکات راشیگەیاند، کە ئەم جەهەپەیەی ئێستا هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ جەهەپەی 80 ساڵ پێش ئەمڕۆ نییە.
ئەم گوتانەی ئەردۆغان لەکاتێکدان کە ئیمامئۆغڵو و نزیکەی 100 بەرپرسی دیکەی شارەوانییەکان کە زۆربەیان جەهەپەیین، بە گەندەڵی، بەرتیلخواردن و چەند تۆمەتێکی دیکە دەستگیرکراون و بەشێکیان خراونەتە زیندان.