هاوسەرۆکی دەم پارتی: چارەسەری پرسی کورد لای ئەردۆغانە

24-03-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی رایگەیاند کە ئەوەی دەتوانێت و لە پێگەی چارەسەرکردنی پرسی کوردە، رەجەب تەیب ئەردۆغانە.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا بۆ میدیای تورکیا کە رۆژی یەکشەممە 24-03-2024 بڵاوکرایەوە، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) باسی لە پرسی کورد کرد و بانگەوازی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد.
 
بەشێکی گوتەکانی هاتیمئۆغوڵڵاری تایبەت بوو بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسەیەکی چارەسەری لەدوای هەڵبژاردن. هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بە گوتارەکەی لەیلا زانا لە نەورۆزی ئەم ساڵ کرد و گوتی، "ئاکپارتی خەونێکی تایبەت بە دوای 1ی نیسان بە کورد دەفرۆشێت. ئەمە وەکو پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنێت. پەیامی ئەوە بڵاودەکاتەوە و دەڵێت: لەوانەیە دوای هەڵبژاردن پرۆسەی چارەسەری دەستپێبکات. هەروەها دەڵێت: لەوانەیە دوای 1ی نیسان شتێک رووبدات. ئەم پەیامانە بە شێوەی شاراوە بڵاودەکاتەوە."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەو هەنگاوانەی ئاکپارتیی بە هەوڵی راکێشانی جەماوەری دەم پارتی دانا، کە لە شارە کوردییەکاندا رکابەری ئاکپارتییە. راشیگەیاند، "ئەمە لە کاتێکدایە کێشەی کورد 40 ساڵە بەردەوامە. گەلی کورد زۆری چەشت و گەلانی تورکیا قوربانیی زۆریان دا. کەچی ئاکپارتی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردن کێشەی کوردی بیر دەکەوێتەوە. ئەم ماوەیەش بابەتەکە وەکو بانگەشە لە بەرژەوەندیی خۆی بەکاردەهێنێت."
 
هاتیمئۆغوڵڵاری: ئەردۆغان دەتوانێت چارەسەری بکات
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی سەبارەت بە هەوڵی جیددی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، ئاماژەی بە پێگە و دەسەڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد و گوتی، "ئەردۆغان بەهۆی ئەوەی لە پێگەی جێبەجێکردنە، دەتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات. بەڵێ، ئەردۆغان دەتوانێت کێشەی کورد چارەسەر بکات. ئەگەر ئەردۆغان بڕوات و ئەو کێشەیە بە چارەسەرنەکراوی بمێنێتەوە، ئەوکات ئاکتۆری دیکەی نوێ دەڕۆنە ئەو پێگەیە."
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری هەروەها جەختیکردەوە، دەوڵەتی تورکیا چارەسەرکاری پرسی کوردە و لایەنی جێبەجێکاریش حکومەتە.
 
کاتێک ساڵی 2011 یەکەمین هەنگاو لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کورد بە سەرکردایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان نرا، دیدارەکان لەنێوان ئاکپارتی و هەدەپە (دەم پارتیی ئێستا) دەکران، بەڵام ئێستا دۆخەکە زۆر جیاوازە و لە ساڵی 2018وە ئاکپارتی لەگەڵ مەهەپە لە هاوپەیمانیدایە.
 
مەهەپە پارتێکی نەتەوەپەرستی تورکە و لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرسی چارەسەریدا بە ئەگەری زۆر، رێگر دەبێت.
 
لەمبارەیەوە هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی، "بێگومان مەهەپە لە نێو هاوپەیمانیی جمهوور کاریگەریی دروستکردووە، بەڵام هەڵەیە تەواوی تۆمەتەکان بدرێتە پاڵ مەهەپە." 
 
دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری
 
رۆژی 30-09-2013 رەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو لە گوتارێکدا 'پاکێجی دیموکراسی'ی راگەیاند کە لە 63 بڕگە پێکهاتبوو و كۆمەڵێك چاكسازی و گۆڕانكاری لەخۆگرتبوو و بۆ كورد گرنگ بوون. سەرەکیترینیان پرسی خوێندن بوو بە زمانی دایک کە لەو بارەیەوە ئەردۆغان رایگەیاند:" لە خوێندنگە تایبەتییەکان رێگە بە زمانی جیاواز دەدرێت بۆ خوێندن، ئەو یاسایە هەڵدەوەشێنرێتەوە کە رێگری لە خوێندن بە زمانی دایک دەکات. هەروەها هەر پارت و لایەنێک دەتوانێ بە زمانی خۆی بانگەشەی هەڵبژاردن بکات."
 
ئەو هەنگاوەی ئەردۆغان لە مێژووی کۆماری تورکیادا یەکەمین هەنگاوی کردەیی و کاریگەر بوو بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و پرۆسەی چارەسەریی بەدواداهات. ئەوکات حکومەتی تورکیا و قەندیل بە نێوەندگیریی پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ دەکرد. بەڵام دواجار نەگەیشتنە ئەنجام و پرۆسەکە لە قۆناخی دۆڵمەباخچە لەبارچوو. سەبارەت بە لەبارچوونی پرۆسەکە ئاکپارتی و دەم پارتی (هەدەپەی ئەوکات) یەکدی تۆمەتبار دەکەن. 
 
لەکاتی بەشدارییکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەیەک لە گۆڕەپانی مەولانا لە شاری کۆنیا، رۆژی 17-12-2018 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لە پرۆسەی چارەسەری کرد. ئەردۆغان گوتی: "ئێمە گوتمان پرسی چارەسەری و بەردەمی ئەوانمان کردەوە، کەچی نزیکنەکەوتنەوە. بەڵام جارێکی دیکە چاوەڕێی پرۆسەی چارەسەری مەکەن، ئەو کارە تێپەڕی و چوو."
 
دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەری لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015دا، شەڕی کۆڵان بەکۆڵان لە نێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان دەستیپێکرد و تاوەکو نیسانی 2016 بەردەوام بوو. لەو قۆناخە بەدواوە شەڕ دەستیپێکرایەوە و بڕیار لەسەر دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) درا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە