رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە 24ی ئاداری 2021، لە ئەنقەرە حەوتەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی داد و گەشەپێدان - ئاک پارتی بەڕێوەچوو. رەجەب تەیب ئەردۆغان لە یەکەم رۆژی کۆنگرەکەدا تاکە بەربژێر بوو بۆ پۆستی سەرۆکی پارتەکە و بە کۆی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بە سەرۆکی ئاک پارتی هەڵبژێردرایەوە.
دواتر 75 ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار هەڵبژێردران، لەنێویاندا 27 ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی بەڕێوەبردن "مەکتەبی سیاسیی" ئەو پارتەش هەڵبژێردران. بینالی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا و نوعمان کورتولموش، جێگری سەرۆکوەزیرانی پێشوو بۆ پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی ئاک پارتی هەڵبژێردران. سێدا ساریباش، کە ساڵی 1998 شاجوانی تورکیا بوو، بووە ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیاری ئاک پارتی.
لە حەوتەمین کۆنگرەی ئاسایی ئاکپارتیدا جگە لە هەدەپە، 11 پارتی سیاسیی تورکیا بانگهێشت کرابوون.
دوای تەواوبوونی کۆنگرەکە، ماهیر ئونال، یاریدەدەری پێشووی سەرۆکی ئاک پارتی لەبارەی دەنگۆی ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە کابینەی حکومەت گوتی، "باس لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری کرا و لە تەواوی سیستەمەکەدا گۆڕانکاری دەکرێت. گۆڕانکاری تەنیا لەنێو حیزبدا ناکرێت، بەڵکو لە حکومەتیشدا دەکرێت و لە رۆژانی داهاتوویشدا ئەوە دەبینین".
پارتی داد و گەشەپێدان، پارتی دەسەڵاتداری تورکیایە، راستڕەوی ئیسلامییە. رۆژی 14ی ئابی 2001 بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان دامەزرا. لەو کاتەوە لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا پێشەنگی پارتە سیاسییەکانی تورکیا بووە. لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کە بەشدارییکرد ساڵی 2002 بوو، هێندە دەنگی هێنا کە دواتر بە تەنیا حکومەتی پێکهینا.
ساڵی 2008 بە تۆمەتی ''پێشێلکاری بەرامبەر سێکیولاریزمی تورکیا'' هەوڵی داخرانی لەلایەن دادگەی باڵای تورکیاوە درا. لە تۆمەتنامەکەدا داواکرابوو 71 بەرپرسی ئاک پارتی کە رەجەب تەیب ئەردۆغان و عەبدوڵڵا گیولیشیان لەگەڵدابوو، بۆ ماوەی پێنج ساڵ قەدەخەی سیاسەتکردنیان بخرێتەسەر، بەڵام بە جیاوازیی یەک دەنگ ئەو سکاڵایە پەسندنەکرا.
لە هەڵبژاردنەکانی دیکەشدا 2007، 2011، 2015 و 2018 بە هەمان شێوە لە پێشەنگی پارتەکاندا بووە. ساڵی 2018 لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە چووە نێو هاوپەیمانیی جمهوور و لە هەڵبژاردنەکاندا بەیەکەوە بەشدارن. لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمانی تورکیا خاوەنی 289 کورسییە. لە کۆی 81 پارێزگاش شارەوانیی 45یانی بەدەستەوەیە کە 15یان گەورەشارەوانین.
لە ساڵانی 2001 - 2014 رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئاک پارتی بوو. لە ساڵانی نێوان 2014 – 2016 ئەحمەد داودئۆغڵو بووە سەرۆک. لە ساڵانی نێوان 2016 - 2017 بینالی یڵدرم بە سەرۆکی ئاک پارتی هەڵبژێردرا. لە ساڵی 2017وە تاوەکو ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئەو پارتەیە. مەزەندە دەکرێت نزیکەی 10 ملیۆن ئەندامی هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ