وەزیری ناوخۆی تورکیا: دەستبەسەر 983 کگم مادەی هۆشبەردا گیرا

24-02-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە هەژماری تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی ئێکس، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی هێزە ئەمنییەکاندا لە 46 پارێزگا، دەست بەسەر 983 کگم مادەی هۆشبەردا گیراوە. 
 
ئەمڕۆ شەممە، عەلی یەرلیکایا رایگەیاند، بە هاوئاهەنگیی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، هێزەکانی جەندرمە و ئاسایش، ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتیان لە 46 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان لە دژی مادەی هۆشبەر و بازرگانەکانیان ئەنجامداوە.
 
بەگوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستبەسەر 983 کگم مادەی هۆشبەر و 92 هەزار حەبی کیپتاگۆندا گیراوە و 227 کەسیشیان لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستگیرکردووە. 
 
یەرلیکایا باسی لەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداری هەزار و 590 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان ئەنجامدرا، کە بەسەر 498 تیم دابەشکرابوون. هەروەها هێلیکۆپتەرێک و 24 سەگی راهێنراو لە دۆزینەوەی مادەی هۆشبەردا بەشدار بوون.
 
ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگاکانی رووها، سەمسوور، مەرەش، ئامەد، مەلەتێ، مێردین، ئەرزینگان، سێواس، ئەرزەڕۆم، وان، خارپێت و ئاگری باکووری کوردستان و لە پارێزگاکانی کۆنیا، ئەنقەرە، عوسمانییە، ئیزمیر، ئەنتاڵیا، کۆجائێلی، تەکیرداغ، ئادانا، ساکاریا، بیلەجیک، مەرسین، ئیستەنبووڵ، موغڵا، بالکئەسیر، ئیسپارتا، دەنیزلی، سامسوون، نیدە، بۆڵو، هاتای، کاستامۆنو، کوتاهیا، کرککاڵە، کرکلارئێلی، ئەدیرنە، ئافیۆن کاراهیسار، ئاکسارای، چۆروم، مانیسا و بورسای تورکیا ئەنجامدران.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەشڵێت، "لە پاڵ مادە هۆشبەرەکاندا، ژمارەیەک چەکی بێمۆڵەتیش دەستیان بەسەرداگیراوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە