وەزیری شارسازیی تورکیا: 73 هەزار و 972 خانوو لە گوندەکانی پارێزگا زیانلێکەوتووەکان دروست دەکرێن

24-02-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ژینگە و شارسازیی تورکیا دەڵێت، دەستکراوە بە دروستکردنی 73 هەزار و 972 خانوو لە گوندەکانی ئەو پارێزگایانەی باکووری کوردستان و تورکیا کە بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ـی مانگ کاریگەریی گەورەی لەسەریان هەبوو.
 
موراد کوڕوم، وەزیری ژینگە و شارسازیی تورکیا ئەمڕۆ هەینی، 24ـی شوباتی 2023، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، دەستکراوە بە دروستکردنی 73 هەزار و 972 خانوو لە گوندەکانی هەر 11 پارێزگا بوومەلەرزە لێدراوەکەی باکووری کوردستان و تورکیا.
 
موراد کوڕوم ئاماژەی بەوەکرد کە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی دوو مانگدا ئەو خانووانە رادەستی خاوەنەکانیان بکرێن.
 
وەزیری ژینگە و شارسازیی تورکیا راشیگەیاند، پرۆسەکە تەنیا دروستکردنی خانوو ناگرێتەوە، بەڵکو دروستکردنەوەی رێگەوبان و رێکخستنەوەی کێڵگەی جووتیار و باخەوانانیش بەشێک دەبێت لێی. 
 
وەزیری ژینگە و شارسازیی تورکیا گوتی، دروستکردنی خانوو لە گوندەکان بە گوێرەی پارێزگاکان بەم جۆرەی خوارەوە دەبێت: 
 
- مەلەتی؛ 17 هەزار و 990 خانوو 
- هاتای؛ 15 هەزار و 59 خانوو
- مەرەش؛ 13 هەزار و 16 خانوو 
- سەمسوور؛ 9896 خانوو 
- دیلۆک؛ 9536 خانوو 
- ئامەد؛ 2927 خانوو 
- روها؛ 2081 خانوو 
- عوسمانییە؛ 1378 خانوو 
- کیلیس؛ 1002 خانوو 
- ئادانا؛ 701 خانوو 
- خارپێت؛ 386 خانوو 
 
موراد کوڕوم گوتی، رۆژی 22ـی شوباتی 2023، تەندەری گرێبەستی دروستکردنی خانووەکان واژۆکران. 
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 باکووری کوردستان و تورکیای هەژاند.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 43 هەزار و 556 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و  114 هەزار و 505 کەسی دیکە برینداربوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە