رووداو دیجیتاڵ
لە 19 پاڕیزگای تورکیا و چوار پارێزگای باکووری کوردستان 71 کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە بزووتنەوەی خزمەت (گولەنییەکان) دەستبەسەر کران.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 24ـی کانوونی دووەمی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی "کسکاچ-36" دژی جەماعەتی گولەنییەکان کراوە و لە هەفتەیەکدا 71 کەس دەستبەسەر کراون.
ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگاکانی ئادانا، ئاکسارای، ئایدن، باڵکئەسیر، بایبورت، بیلەجیک، بورسا، ئەدیرنە، هاتای، ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، قەیسەری، کۆجائەلی، مێرسین، نەوشەهیر، عوسمانییە، ساکاریا، سامسون و تۆکاتی تورکیا و پارێزگاکانی سەمسور، ئامەد، قەرس و خارپێتی باکووری کوردستان بەڕێوەچووە.
بەگوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئەو کەسانە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە بزووتنەوەی خزمەت، بانگەشەکردن بۆیان و بەکارهێنانی پلاتفۆرمی پەیوەندییەکانی "بایلۆک'' دەستبەسەرکراون.
حکومەتی تورکیا بزووتنەوەی خزمەتی خستووەتە لیستی تیرۆر و بە رێکخستنی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ـی تەمموزی 2016 تۆمەتبار کراون، بەڵام ئەوان رەتیدەکەنەوە دەستیان لە هەوڵەکەدا هەبووبێت.
دوای هەوڵی کودەتا شکخستخواردووەکەی 15ی تەممووز، نزیکەی 700 هەزار کەس دادگەیی کران و نزیکەی سێ هەزار شوێنکەوتووی گولەن بۆ هەتا هەتایە زیندانی کران.
125 هەزار کەسی دیکە لە دامودەزگا حکومییەکان دوورخرانەوە، لەنێویاندا 24 هەزار سەرباز و هەزاران دادوەر. تورکیا بەردەوام شوێنکەوتوانی گولەن دەستبەسەر دەکات و داوای رادەستکردنەوەیان لەو وڵاتانە دەکات، کە بزووتنەوەکە تێیدا چالاکە.
فەتحوڵڵا گولەن، رێبەری گولەنییەکان رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە تەمەنی 83 ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی ئەمریکا کۆچی دوایی کرد. فەتحوڵڵا گولەن، لە ساڵی 1999ـەوە بەهۆی کێشەی تەندروستی چووە ئەمریکا، تاوەکو کۆچی دوایی کرد، هەر لەوێ مایەوە. تەرمەکەشی هەر لەوێ نێژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ