رووداو دیجیتاڵ
ژووری پیشەسازی و بازرگانیی وان کۆمەڵێک داواکاریی ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی لە کاتی سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ شارەکە، پێی بدەن. یەکێک لە داواکارییەکانیان پەرەپێدانی دەروازەی سنووری نێوان وان و هەرێمی کوردستانە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی رۆژی شەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2025، سەردانی پارێزگای وانی باکووری کوردستان دەکات.
ژووری پیشەسازی و بازرگانیی وان، 11 داواکاریی لە چوارچێوەی راپۆرتیکدا ئامادە کردووە و دەیەوێت بە دەستی سەرۆککۆماری تورکیا بگەن.
داواکارییەکانیش بریتین لە کردنەوەی رێگە سەرەکی وان - شرنەخ و تەواوکردنی رێگەی بازنەیی وان، دروستکردنی رێڕەوی دووەمی تونێلی کوسکونکران، ئاسانکاریی دەستڕاگەیشتن بە دارایی، دروستکردنی هێڵێکی شەمەندەفەر بەبێ پچڕان و چەندین بابەتی دیکە لە راپۆرتەکەدا بە وردی باسکراون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "بە تەواوبوونی پڕۆژەی رێگەوبانی وان - شرنەخ کە 370 کیلۆمەتری رێگای نێوان شرنەخ و وان بۆ 200 کیلۆمەتر کەمدەکاتەوە، کێشەی گواستنەوەی ناوچەکە تا ڕادەیەکی زۆر چارەسەر دەبێت. شرنەخ دەبێتە گرنگترین رێڕەوی بازرگانی، کە وان، پەرواری، سیرت، چاتاک، ئێران و عێراق بەیەکەوە دەبەستێتەوە."
ژووری پیشەسازی و بازرگانیی وان داوا دەکات، پەلە بکرێت لە تەواوکردنی رێگەی خێرای وان - شرناخ.
ژووری پیشەسازی و بازرگانیی وان باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگای وان دەکات، وەک لە راپۆرتەکەیاندا هاتووە: "لەم دواییانەدا پەیوەندییە بازرگانی و کۆمەڵناسییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق پەرەی سەندووە و ئەمەش هیوا بۆ گەشەسەندنی ناوچەکە دەهێنێت. بە مۆدێرنکردنی دەروازەی سنووری ئوزوملو و سەرزێڕ کە نزیکترین دەروازەی چوونە ژوورەوە و دەرچوونن لە شارەکەمانەوە بۆ عێراق، لە گەورەترین چاوەڕوانییەکانە."
ژوورەکە لە راپۆرتەکەیدا باسی کێشەی بازرگانان و پیشەوەرەکانی وان دەکات و دەڵێت: "بازرگانانی شارەکانی رۆژهەڵات (باکووری کوردستان) کە پیشەسازییەکانیان گەشەی نەکردووە و لە کەرتی خزمەتگوزاریدا کاردەکەن، پێویستیان بە پارەدارکردن هەیە. چالاکییەکانی کەرتی خزمەتگوزاریی 63٪ لە قاڵب دراوە. وان و پارێزگا هاوشێوەکانی لەم ماوەیەی دواییدا توانای کێبڕکێیان لاواز بووە و لە ریزی شارە ناخۆشەکانن بە بەراورد بە شارە پیشەسازییەکان. بەو هۆیەوە زۆر گرنگە کۆمپانیا بچووک و ناوەندەکان دەستیان بە قەرز بگات".
لە راپۆرتەکەدا باس لە پێویستی جێبەجێکردنی هێڵی شەمەندەفەری وانیش کراوە و بە بڕوای ژوورەکە، کاریگەری دەبێت لەسەر گەشتیاری پارێزگاکە و ناوچەکە بە گشتی.
وان ناوچەیەکی گەشتیارییە، ساڵانە گەشتیارێکی زۆر بە تایبەت لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رووی تێدەکەن، بۆیە ژووری پیشەسازی و بازرگانیی وان داوا دەکات کە کۆنسووڵخانەی ئێران لە شارەکەدا بکرێتەوە.
ژووری پیشەسازی و بازرگانیی وان دەڵێت: "لە کاتێکدا ژمارەی گەشتیاران ساڵانە زیاد دەکات، ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکان کە لە نێوان 7 بۆ 10 گەشت لە رۆژێکدا دەگۆڕێت ناتوانێت پێداویستییەکانی شارەکە دابین بکات. پێویستە بەپەلە چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە. پێویستە خزمەتگوزاریی کونسووڵگەریی ئێران لە شارەکەدا هەبێت، چونکە زیاتر لە 700 بازرگان و 300 خوێندکاری ئێرانی لە پارێزگاکەن، ساڵانە لانیکەم 700هەزار هاووڵاتیی ئێرانی تێیدا دەمێننەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ