ئەردۆغان: لە سووریا درێژە بە ئۆپەراسیۆنی خاڵ دەدەین

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە داهاتووی سووریادا پەکەکە و باڵەکانی جێگەیان نابێتەوە و دەبێت خۆیان هەڵبوەشێننەوە.
 
لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی کۆماری کە ئێوارەی دووشەممە، 23-12-2024، لە کۆشکی کۆماری بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و یەکێک لە تەوەرەکانی گوتارەکەی سووریای دوای بەشار ئەسەد و داهاتووی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو.
 
ئەردۆغان لەبارەی داهاتووی ئەو هێزە زۆرینە کوردە گوتی: "لە ئایندەی ناوچەکە و سووریادا، داعش، پەکەکە و رێکخراوە تیرۆرستییەکانی دیکە شوێنیان نییە. پەکەکە و باڵەکانی، یان دەبێت خۆیان هەڵبوەشێننەوە، یان لەناودەبرێن. ئەو رەوە بکوژە کە ستەم لە برا کوردەکانمان دەکەن، منداڵەکانیان دەڕفێنن و بەرەو مەرگ دەیاننێرن، هەروەها جگە لە خۆیان مافی ژیان و قسەکردن بۆ هیچ کەس بە رەوا نابینن، بە دڵنیاییەوە لەوێ دەریان دەکەین کە بۆ ناوچەکەمان ببنە سەرچاوەیەکی هەڕەشە".
 
داهاتووی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە هاوپەیمانی ئەمریکایە و رۆڵی گرنگی لە تێکشکاندنی داعش هەبووە، لە رۆژەڤی سووریادا جێی بایەخە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە تورکیا زیاتر بە (پەکەکە/یەپەگە) ناویان دەبات و هەسەدەش بە باڵی پەکەکە وەسفدەکات.
 
ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، لە سووریادا بەردەوام دەبن لە 'ئۆپەراسیۆنی خاڵ' دژی ئەندامانی ئەو رێکخراوانە.
 
ئۆپەراسیۆنی خاڵ چییە؟
 
ئەو ئۆپەراسیۆنە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) جێبەجێ دەکرێت. سەرەتا چاودێریی ئەو کەسە دەکرێت کە کراوەتە ئامانج. 
 
ئەو چاودێرییە زیاتر لەڕێی درۆنی چاودێری (IHA) دەکرێت. دواتریش لەڕێی درۆنی شەڕکەرەوە ئۆپەراسیۆنەکە دەکرێت و تەقە لەو کەسە دەکرێت.
 
بەهۆی ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکە زیاتر بۆ یەک کەس دەکرێت، هەر بۆیە بە ئۆپەراسیۆنی خاڵ دەناسرێت.