رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا لیستی ئەو پێنج پارێزگایەی بڵاوکردەوە کە لە خواردنگەکانیاندا زۆرترین گۆشتی کەر و ئەسپ بە خەڵک دراوە؛ ئەدەنە پێشەنگە و زۆرترین گۆشت کەری دەرخواردی خەڵک داوە.
بەگوێرەی ئەو لیستەی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، لە پارێزگای ئەدەنە زۆرترین گۆشت کەر و ئەسپ لەبری گۆشتی مەڕ و مانگا بە خەڵک دراوە. بەجۆرێک 15 خواردنگەی ئەو پارێزگایە کەر و ئەسپیان سەربڕیوە و دەرخواردی خەڵکیان داوە.
پارێزگای ساکاریا لە پلەی دووەم دێت. حەوت لە خواردنگەکانی ساکاریا گۆشت کەر و ئەسپیان بە خەڵک داوە. بەدوای ئەوانەوە پارێزگاکانی ئەنتاڵیا، مێرسین و مانیسا دێن.
ئەوەی زیاتر بووەتە جێی سەرنجی خەڵک، ئەنتاڵیایە کە ساڵانە لە وەرزە جیاوازەکاندا زۆرترین گەشتیار رووی تێدەکەن.
میدیای تورکیا بڵاویکردووەتەوە، ستافی چاودێریی وەزارەتی کشتوکاڵ بەوپەڕی وریاییەوە کاردەکەن و ئەو خواردنگەیەی سەرپێچیی لەمجۆرە بکات، راستەوخۆ دایدەخەن و سزای خاوەنەکەی دەدەن.
وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا لە سەرەتای تشرینی یەکەمی ئەم ساڵەوە دەستی بە چاودێرییەکی تووند کردووە.
لە ئەنجامی هەڵمەتێک کە ستافی وەزارەتەکە دەستیپێکردووە، دەرکەوت لە ژمارەیەکی زۆر لە خواردنگە، گۆشتفرۆش، کۆفتەفرۆش، پیدەفرۆش، مارکێت و شوێنی دیکەدا گۆشتی کەر و ئەسپ فرۆشراوە و دەرخواردی خەڵک دراوە.
یەکێک لەو شوێنانە کە لە ئەنقەرە ساڵانێکە خەڵک نۆرەی بۆ دەگرن، (بیزیم کۆفتە)یە کە بەشێک لە کڕیارانی تەنانەت بە بیستنی هەواڵەکەش باوەڕ ناکەن و حەپەساون.
وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا رایگەیاندووە، هەڵمەتەکەیان بەردەوام دەبێت بۆ داخستنی ئەو شوێنانەی پێشێلکاریی لەمجۆرەیان کردووە و سزادانی خاوەنەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ